عێراق؛ هەناردەی غازی ئێران بۆ باشووری وڵات بە تەواوەتی ڕاگیرا.
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی هاوردەکردنی غاز لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشووری وڵات بە تەواوەتی وەستاوە، ئەمەش مەترسیی “کوژانەوەی گشتی” کارەبای لێدەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، لایەنی ئێرانی بە فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە کە هەناردەی غاز بۆ باشووری عێراق ڕاگیراوە. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە لە ناوخۆی ئێران گەڕێندراوەتەوە.
ڕاگرتنی غازەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر وێستگەکانی کارەبا، ئەمەش وەستانی گەیاندنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەسڕە و چەند پارێزگایەکی تری باشووری عێراقی لێ دەکەوێتەوە.
عێراق ڕۆژانە پێویستی بە ٥٠ بۆ ٧٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز هەیە، کەمبوونەوەی ئەم بڕە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە کە لە هەماهەنگییەکی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە، لەوانە دابینکردنی سووتەمەنی جێگرەوە وەک نەوتی ڕەش، و زیادکردنی بەرهەمی غازی ناوخۆیی بۆ وێستگەکان.
ئامانج لەم هەنگاوانە ڕێگریکردنە لەوەی سیستەمی کارەبای وڵات تووشی “کوژانەوەی گشتی” (Blackout) نەبێت.
