وەزارەتی کارەبا: پڕۆژەی “ڕووناکی” موڵکی حکومەتە و هیچ کۆمپانیایەک خاوەندارییەتی ناکات.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ لەبارەی پڕۆژەی “ڕووناکی” بڵاودەکاتەوە و جەخت لەسەر ناسنامەی نیشتمانیی پڕۆژەکە دەکاتەوە.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆژەی “ڕووناکی” کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی کارەبا و دابینکردنی وزەی ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان، بە تەواوی پڕۆژەی وەزارەتی کارەبایە. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە و ئامانجی سەرەکی باشترکردنی کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری کارەبای هەرێم جەختیکردەوە، کە هیچ کۆمپانیایەک خاوەندارییەتی ئەم پڕۆژەیە ناکات و تەنیا وەزارەتی کارەبا لایەنی بەرپرسیار و خاوەنی پڕۆژەکەیە. کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت تەنیا وەک جێبەجێکار یان لایەنی تەکنیکی هاوکار دەبن لەژێر سەرپەرشتی و ڕێنماییەکانی وەزارەتدا.
پڕۆژەی ڕووناکی هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی کۆنی دابەشکردنی کارەبا.دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و بێ پچڕان، و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان و ڕێکخستنەوەی پێوەرە زیرەکەکان.
