وەک ڕێزگرتنێک لەو دەستکەوتە مێژووییەی کە هەڵبژاردەی نیشتمانیمان بە سەرکەوتنی بۆ یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەدەستی هێنا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە خەڵاتکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و ستافی ڕاهێنەرایەتی و کارگێڕی و پەسەندکردنی کۆمەڵێک ڕێکار کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران دەخرێنە ڕوو بۆ واژۆکردن، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
بەخشینی خانووی نیشتەجێبوون بە یاریزانان و ئەندامانی ستافی ڕاهێنەرایەتی و کارگێڕی بە دیزاینێکی تایبەت کە گوزارشت لەم دەستکەوتە وەرزشییە بکات، لە کۆمەڵگەی (الرفیل) نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکان دەکرێت.
بەخشینی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە یاریزانان و ئەندامانی ستافی ڕاهێنەرایەتی و کارگێڕی.
دەرکردنی پۆستە کارتێکی (پول) تایبەت کە ئەم دەستکەوتە لە یادەوەری نیشتمانیدا بەدۆکۆمێنت بکات.
دروستکردنی دیواربەندییەکی نیشتمانی (پانۆراما) یان مۆنیۆمێنتێکی یادگاری بۆ نەمرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکە لە کۆرنیشی ئەبو نەواس، کە ناوی یاریزانەکان و مێژووی دەستکەوتەکەی تێدا بێت.
ناونانی شەقامێکی سەرەکی لە بەغدای پایتەخت و هەموو پارێزگاکان بە ناوی (شەقامی شێرەکانی ڕافیدەین).
دروستکردنی مۆزەخانە یان باڵێکی تایبەت بەم دەستکەوتە لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی عێراق و شارە وەرزشییەکان، و بەشێکیشی لە مۆزەخانەی کۆشکی حکومەت بێت، کە ناوی یاریزانەکان و درێسەکانیان و وێنەکانی سەرکەوتنی تێدا بپارێزرێت.
ناونانی خولەکانی دەرچوونی ئەمساڵ لە هەموو زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان بە ناوی (خولی شێرەکانی ڕافیدەین).
بەرهەمهێنانی گۆرانییەکی نیشتمانی تایبەت بە بەشداری کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، بە ناونیشانێک کە گوزارشت لەم دەستکەوتە بکات.

