لە سنوری پارێزگای دهۆک بە هۆی کەمی و بەرزبوونەوەی نرخی غازەوە بەشێك لە نانەواخانەکان نرخی یەک نان دەکەنە ٥٠٠ دینار، لە کاتێکدا پێشتر ٢ نان بەو نرخە بووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی نانەواخانەکانی دهۆک دەڵێت “فرۆشتنی یەک نان بە ٥٠٠ دینار تەنیا قازانجێکی زۆر کەمی بۆ نانەواخانەکان تێدایە”.
ئەیاز بابۆخکی، سەرۆکی کۆمەڵەی نانەواخانەکانی دهۆک ڕایگەیاند “کێشی ئەو نانەی بە ٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت ٢٥٠ گرامە و بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی غاز و سووتەمەنی لە لایەن حکومەتەوە، مەحاڵە نرخی نان دابەزێت و بە گرانی دەمێنێتەوە”.
لە ئێستادا لە پارێزگای دهۆک ١ لیتر غاز بە هەزار ٤٠٠ دینارە بە بازرگانی و تا ئێستا نە لە دهۆك و نە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم ڕێكارێك بۆ پێدانی غاز بە نانەواخانە و سەموونخانەكان دیاری نەكراوە.
هاوكات لیژنە هاوبەشەكانی پارێزگاكە بڕیاریانداوە هەر نانەواخانەیەك نان گران بكات سزای بدەن و نانەواخانەكەی پێ دابخەن و لەسەر ئەو بابەتش ئەمڕۆ چەند نانەواخانەیەك سزادراون..
