spot_imgspot_img

ئێران هۆشداری لە کارەساتی ئەتۆمی دەدات

ئێران: هێرشکرایە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر و هۆشداریی لە “کارەساتی بێوێنە” دەدرێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ شەممە ڕایانگەیاند، وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بۆ جاری چوارەم کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە و تاران هۆشداریی توند لەبارەی مەترسیی تیشکدانەوە دەدات.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە هێرشەکە کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانیی ئەمڕۆ ڕوویداوە. موشەکێک ئاراستەی وێستگەکە کراوە و ڕاستەوخۆ بەر پەرژینی دەوروبەری وێستگەکە کەوتووە.

  • زیانی گیانی: کارمەندێکی بەشی پاراستنی وێستگەکە بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەستداوە.

  • زیانی ماددی: زیانێکی گەورە بە یەکێک لە باڵەخانە لاوەکییەکانی خزمەتگوزاری گەیشتووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران، هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم هێرشە دادەنێت. ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: “ئەم وێستگەیە بڕێکی زۆر ماددەی تیشکدەری تێدایە؛ هەر زیانێکی گەورە بە بەشە سەرەکییەکان، دەبێتە هۆی کارەساتێکی ئەتۆمیی بێوێنە کە شوێنەوارە وێرانکەرەکانی تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.”

دۆخی ئێستای وێستگەکە

سەرەڕای هێرشەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تاران جەخت دەکەنەوە کە:

  1. بەشە سەرەکی و هەستیارەکانی وێستگەکە پارێزراون.

  2. پرۆسەی کارکردن لە وێستگەکەدا نەوەستاوە و بەردەوامە.

  3. ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئاستی تیشکدانەوە (Radiation) لە ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە