سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی هاوسۆزیی حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکات و جەخت لە قووڵیی پەیوەندییە مێژوویی و شارستانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، گەلانی دۆست و برا لە کاتە سەختەکاندا هانای بۆ یەکدی دەبەن و بە کردەیی پاڵپشتیی یەکتر دەکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئەنجامداوە. لەو پەیوەندییەدا، پزیشکیان پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوسۆزی و پاڵپشتییە دەربڕیوە کە حکومەت و گەلی کۆماری ئازەربایجان لەم کاتەدا نیشانی ئێرانیان داوە.
مەسعود پزیشکیان جەختی لەوەشکردەوە کە گەلانی دۆست و برا لە کاتی سەختی و تەنگانەدا یەکدی دەدۆزنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەم پەیوەندییانە ڕەگ و ڕیشەیەکی شارستانیی قووڵتریان هەبێت، ئەو بەستەر و پەیوەندییە لە نێوانیاندا بەهێزتر و پۆڵایینتر دەبێت.
