مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەشێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و زیانلێکەوتووانی کوردی فەیلی و شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بەبۆنەی 46 مین ساڵیادی شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو شاڵاوە بووە هۆی شەهیدکردن و دەرکردن و بێسەر و شوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی سەدان هەزار کوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس.
دەشڵێت: دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و زیانلێکەوتووانی کوردی فەیلی و شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و گشت زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.
