تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز بوونەتەوە و میدیاکانی ئەمریکاش باس لە فڕینی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-52 بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەکەن، هاوکات کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ڕاگەیەندرا.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیستراوە، کە بەتایبەت ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی میهرئاباد، زیندانی ئەوین و ناوچەی پارچینی گرتووەتەوە. هاوکات لە فڕۆکەخانەی بوشەهریش دەنگی تەقینەوە بیستراوە و هێرشەکان پارێزگای لوڕستانیشیان کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری B-52ی ئەمریکی بە ئاسمانی ئێراندا دەفڕن. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی فراوانکردنی مەودا، خێراکردنی کات و نەرمیی زیاتر لە ئەنجامدانی هێرشەکاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، میدیاکانی ئێران کوژرانی (محەمەد حسێن سۆفی) یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سەر پارێزگای لوڕستان پشتڕاستکردەوە.
