کەش و هەوای سبەی هەینی؛ زەکەریا کانی پاشایی پێشبینییەکانی ڕادەگەیەنێت.
زەکەریا کانی پاشایی، شارەزای کەشوهەوا، نوێترین پێشبینییەکانی بۆ کاتی بارانبارین و دۆخی ئاسمانی هەرێم بۆ ئەمشەو و سبەی هەینی (٣-٤-٢٠٢٦) بڵاوکردەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کانی پاشایی، ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان نێوەچڵ دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم بە شێوازی پچڕپچڕ هەیە.
لەبارەی کەش و هەوای سبەی، زەکەریا کانی پاشایی ڕایگەیاند، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەور و خۆردا دەبێت، لە هەندێک کاتدا دەبێتە هەوری تەواو و ئەگەری بارانێکی زۆر کەم هەیە. پلەکانی گەرماش بە جێگیری دەمێننەوە.
بەپێی وتەی کانی پاشایی، سبەی هەینی زۆریی ناوچەکان بۆ چوونەدەرەوە و گەشتکردن گونجاو دەبێت، چونکە بارانەکە بڕێکی زۆر کەمە و هیچ کێشەیەک بۆ گەشتیاران دروست ناکات.
ئەو شارەزایە هۆشداری دەدات کە لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، شەپۆلێکی بارانبارین بە چڕی دەست پێدەکات و ئەگەری بارانی زۆر باش لە هەندێک ناوچە هەیە. بڕیارە ئێوارەی سبەی زانیاریی وردتر لەسەر هێزی ئەو شەپۆلە بڵاوبکاتەوە.
