هۆشداری دەدرێتە قوتابخانە ئەهلییەکان

هەرێمی کوردستان؛ خوێندنی ئۆنلاین دەستیپێکرد و هۆشداری دەدرێتە قوتابخانە ئەهلییەکان

دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی شەڕ، پرۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی لە سەرجەم قۆناغەکان دەستیپێکردووە. بەرپرسانی پەروەردە جەخت لە سەرکەوتوویی پرۆسەکە دەکەنەوە، هەرچەندە لە هەندێک ناوەند وانە پراکتیکییەکان بەردەوامن.

لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە میدیای ڕووداوی ڕاگەیاندووە، هەموو ڕێکارەکان بۆ خوێندنی ئۆنلاین جێبەجێکراون و قوتابیان لە ڕێگەی سیستمەکانی (ئی-هەڵسەنگاندن، ئی-وانە و تەلەفزیۆنی پەروەردە) دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە.

لە دهۆک و سلێمانیش پرۆسەکە بە هەمانشێوە دەستیپێکردووە. نەبیل شنگالی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەروەردەی دهۆک ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنیا هەندێک گرفتی تەکنیکیی بچووک هەبوون و چارەسەر کراون. هاوکات عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی، خوێندنی ئۆنلاین لە ٣٠ـی ئادارەوە لە هەموو زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان دەستیپێکردووە و “زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.”

سەرەڕای بڕیارەکە، هەندێک بەشی زانستی بەردەوامن لە وانە پراکتیکییەکان:

زانکۆی پزیشکیی هەولێر: پ.د. هاوڕێ مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە وتی، قۆناغە کۆتاییەکانی پزیشکی، ددان و پەرستاری تەنیا وانەی پراکتیکییان ماوە، بۆیە بە گرووپی بچووک دابەشکراون بەسەر نەخۆشخانەکانی (لەدایکبوون، ڕزگاری و جمهووری).

پەیمانگەی کۆمار: پ.ی.د دڵزار دڵشاد، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی کۆمار لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوان تەنیا بۆ تاقیکردنەوە پراکتیکییەکان خوێندکارانیان بانگکردووەتەوە و تاوەکو هەفتەی داهاتوو تەواویان دەکەن.

 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی تووندی دایە قوتابخانە ناحکومییەکان و ڕایگەیاند “مافیان نییە دەستکاری مووچەی مامۆستایان بکەن.” وەزارەت داوای لە مامۆستایان کرد لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا سکاڵا تۆمار بکەن.

ژمارەکانی تەرخانکراو بۆ سکاڵا:

  • 07505106262 | 07505106464 | 07505103232 | 07505106363

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە