لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، حکومەتی بەریتانیا بە ئاشکرا هەڕەشەی پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی دەکات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هورمز و پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە میانی کۆبوونەوەی “هاوپەیمانی هورمز” پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، لەندەن ئامادەیە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەگەری بەکارهێنانی “توانا سەربازییە بەرگرییە بەکۆمەڵەکان” لە ئارادایە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەکخستنی جووڵەی بازرگانی.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرچەندە لە ئێستادا سەرنجی سەرەکییان لەسەر ڕێکارە دیپلۆماسییەکان و فشارە ئابوورییەکانە، بەڵام بێباکیی ئێران بەرامبەر ئاسایشی ئابووریی جیهان “قبوڵکراو نییە”.
کووپەر بە توندی ئیدانەی هەڵوێستەکانی ئێرانی کرد و جەختی کردەوە، کە تێکدانی ئاسایشی دەریاکان زیانێکی گەورەی بە بازرگانیی جیهانی گەیاندووە و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی ڕێگە نادەن ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
