میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە کە سوپای وڵاتەکەیان پلانێکی، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم لە ئێران، ئامادەکردووە.
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە سوپای ئەمریکا پلانێکی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران.
سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی پلانەکەدا، ئەوە ئامێرەکانی ھەڵکەندن، دروستکردنی ھێڵی فڕینی فڕۆکە بارھەڵگرەکان، بە ئامانجی گواستنەوەی ماددە تیشکدەرەکان بۆ دەرەوەی ئێران، بەکارھێندرێن.
بە وتەی سەرچاوەکان، ھەفتەی ڕابردوو پلانەکە پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ کراوە ھەروەھا لە مەترسییە گەورەکانی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە، ئاگادار کراوەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە باسی ئەگەری هێرشێکی سنووردای زەمینی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادایە.
لە لایەکی دیکەشەوە ەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای سوپا باسی له ئەگەری هێرشی زەمینیی ئەمریکا کردووه و ڕایگهیاندووه: “پێویستە سات بە سات و بەوپەڕی وریایی و وردییەوە چاودێری جووڵە و کردەکانی دوژمن بکرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی شێوازەکانی هێرشی دوژمن و لە کاتی گونجاودا پلانە پێویستەکان جێبەجێ بکرێن”.
وتیشی: “لە ئەگەری دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەلایەن دوژمنەوە، دەبێت وا بکرێت تەنانەت یەک کەسیشیان بە زیندوویی نەمێنێت”.
حاتەمی ئهوهیشی خستهڕوو کار دەکەن بۆ دوورخستنەوەی سێبەری جەنگ لەسەر وڵات و، گوتی: “پێویستە ئاسایش بۆ هەمووان بێت، ڕێگە نادەین لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە ئارامن، گەلی ئێران هەست بە نائارامی بکات”.
