spot_imgspot_img

“میلیشیاکان مایەی هەڕەشەن و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات”

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قەتەر ڕایانگەیاند، لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و قەتەر و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا “هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەر و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە”.

هەردوولا هاوڕابوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات.

سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچا بگیرێن.

سەرۆکی حکومەت، هاوسۆزی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەر دووپات کردەوە.

هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە