باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی “میلیشیا تیرۆریستە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران” بەنیازن لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا هێرش بکەن و دەشڵێت: “ڕەنگە گروپە میلیشیا تیرۆریستەکان پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە هەبێت”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “میلیشیا تیرۆریستە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران لەوانەیە بە نیازبن لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا هێرش لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام بدەن”.
ڕاشیگەیاند: “ئێران و میلیشیا تیرۆریستە هاوپەیمانەکانی هێرشی بەرفراوانیان دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە لە سەرانسەری عێراقدا ئەنجام داوە، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە”.
هەروەها دەڵێت: “ئەم لایەنانە لەوانەیە هاووڵاتیانی ئەمریکی، کۆمپانیاکان، زانکۆکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، ژێرخانی وزە، هۆتێلەکان، فڕۆکەخانەکان و ئەو شوێنانەی دیکە بکەنە ئامانج کە پێدەچێت پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەبێت، جگە لە دامەزراوە عێراقییەکان و ئامانجە مەدەنییەکان. هەروەها میلیشیا تیرۆریستەکان ئەمریکییەکانیان بە مەبەستی ڕفاندن کردووەتە ئامانج، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن”.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، “حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕێگری لەو هێرشە تیرۆریستییانە بکات کە لە ناو خاکی عێراقدا ڕوودەدەن یان ئەوانەی لەوێوە دەستپێدەکەن. ڕەنگە گروپە میلیشیا تیرۆریستەکان پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە هەبێت، هەروەها ڕەنگە هەندێک لە تیرۆریستەکان ناسنامەیان پێبێت کە وەک فەرمانبەری حکومەتی عێراق دەریان بخات”.
سەرلەنوێ باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق هاووڵاتیانی ئەمریکای ئاگادارکردەوە لەوەی “بۆ هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق مەکەن. ئەگەر لەوێ نیشتەجێن، دەستبەجێ بڕۆنە دەرەوە”.
