دوای زیاتر لە نیو سەدە کەشتییەکی ئاسمانی بە چوار کەشتیوانەوە ڕەوانەی خولگەی مانگ کرا و ئەرکەکەیان ماوەی 10 ڕۆژ دەخایەنێت.
چوار کەشتیوانی ئاسمانی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکاوە لە چوارچێوەی ئەرکی “ئارتەمیس 2″ی سەر بە ئاژانسی ناسا بەرەو گەشتێکی 10 ڕۆژە بۆ دەوری مانگ بەڕێکەوتن، کە ئەمە یەکەم گەشتی مرۆییە بۆ سەر مانگ لە دوای نیو سەدە.
تیمی “ئارتەمیس 2” پێکهاتوون لە کەشتیوانانی ناسا “کریستینا کوک، ڤیکتۆر گلوڤەر، ڕید وایزمان” و کەشتیوانی کەنەدی “جێرمی هانسن”، کە ڕۆژی هەینی لە هیوستنەوە گەیشتنە فلۆریدا.
کەشتیوانەکان پێش هەڵدانی موشەکەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە خرانە کەرەنتینەی تەندروستییەوە و کۆتایی هەفتەی ڕابردوویان لەگەڵ خێزانەکانیان لە “ماڵی کەنار دەریا”ی سەر بە سەنتەری کێنیدی بۆ بۆشایی ئاسمان بەسەر برد، کە ئەو شوێنەیە کەشتیوانەکان پێش گەشتەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمان تێیدا دەحەسێنەوە.
لە بنەڕەتدا بڕیار وابوو هەڵدانی موشەکەکە لە 6ی شوبات و دواتر لە 6ی ئادار بێت، بەڵام دزەکردنی بێزارکەری گازی هیدرۆجین وای لە ناسا کرد موشەکەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بینای کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ پشکنین.
ئەرکی “ئارتەمیس 2” هەنگاوێکی سەرەکی و پێشوەختەیە لە پرۆگرامی زەبەلاحی ئارتەمیسی ناسا کە تێچووەکەی ملیاران دۆلارە و ئامانجی دروستکردنی نیشتەجێبوونێکی درێژخایەنە لە جەمسەری باشووری مانگدا. ناسا هەوڵ دەدات یەکەم تیمی کەشتیوانانی ئاسمانی لە چوارچێوەی ئەرکی “ئارتەمیس 4” تا ساڵی 2028 لەوێ دابەزێنێت، تاوەکو پێش چین بکەوێت کە بڕیارە لە دەوروبەری ساڵی 2030 بگاتە ئەوێ.



