spot_imgspot_img

پزیشکیان بۆ ئەمریکا: لە بەهێزکردنی توانای بەرگریمان پاشەکشە ناکەین

سەرۆکی ئێران لە پەیامێکیدا بۆ گەلی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران دوژمنایەتی گەلی ئەمریکا ناکات و دەستدرێژییەکانی ئەمریکاش لە وڵاتانی ناوچەکەوە وا دەکەن کە ئێران پاشەکشە لە بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی نەکات.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، نەتەوەی ئێران هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ نەتەوەکانی تر، لەوانە گەلی ئەمریکا، ئەوروپا و دراوسێیەکانی نییە. ئێرانییەکان، تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردان و فشارەکانی حکومەتە بیانییەکان لە درێژەی مێژوودا، هەمیشە جیاوازییان لە نێوان نەتەوەکان و حکومەتەکاندا کردووە؛ ئەمە بنەمایەکی ڕەگداکوتاوە لە بیر و کولتووری ئەم نەتەوەیەدا، نەک هەڵوێستێکی کاتی.

وتیشی: “لەسەر ئەم بنەمایە، وێناکردنی ئێران وەک هەڕەشە، نە لەگەڵ ڕاستی مێژوویی دەگونجێت و نە لەگەڵ ڕاستییە بەرجەستەکانی ئەمڕۆ. ئەم وێنەیە، بەرهەمی پێویستییە سیاسی و ئابوورییەکانی پێکهاتەکانی دەسەڵاتە؛ پێویستیی دروستکردنی دوژمن بۆ پاساوھێنانەوە بۆ فشار، پاراستنی باڵادەستی سەربازی، تێرکردنی پیشەسازییەکانی چەک و بەڕێوەبردنی بازاڕە ستراتیژییەکان. لە چوارچێوەیەکی ئاوەهادا، ئەگەر هەڕەشەیەکیش بوونی نەبێت، دروست دەکرێت”.

سەرۆکی ئێران دەڵێت: “لە ئەنجامی هەر ئەم ڕێچکەیەیە کە ئەمڕۆ، زۆرترین چڕبوونەوەی هێزەکان، بنکەکان و توانای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دەوروبەری ئێرانێکدا دروست بووە کە لانی کەم لە سەرەتای دروستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەستپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە. دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە بنکە ناوچەییەکانەوە، هەڕەشەئامێزیی هەبوونی ئاوەها هێزێکی سەلماندووە و ئاشکرایە کە هیچ وڵاتێک لە بەرامبەر ئاوەها بارودۆخێکدا، لە بەهێزکردنی توانای بەرگری خۆی پاشەکشە ناکات؛ ئەوەی ئێران ئەنجامی داوە و دەیدات، تەنها کاردانەوە و بەرگرییە نەک دەستپێکردنی هێرش، جەنگ و دەستدرێژی”.

تەواوکەری پەیامەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ گەلی ئەمریکا بەم شێوەیەیە:

بێگومان ناتوانرێت چاوپۆشی لە کاریگەرییە تێکدەر و دژە مرۆییەکانی گەمارۆ، جەنگ و دەستدرێژی لەسەر ژیانی گەلی دلێری ئێران بکرێت. بەردەوامی کردەوە سەربازییەکان، لەوانە هێرشەکانی ئەم دواییە، بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەری لەسەر دیدگا و هەستی نەتەوەکان دادەنێت. ئەمە ڕاستییەکی مرۆییە: گەلێک کە تێچووی جەنگ بە گیان، ماڵ، شار و داهاتووی خۆیان دەدەن، بەرامبەر بە هۆکارەکەی بێدەنگ نابن.

لە ئەم ناوەدا، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنرێت: ئەم جەنگە بە وردی لە بەرژەوەندی کام سوودی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکادایە؟ چ هەڕەشەیەکی بەرجەستە لەلایەن ئێرانەوە هەبووە کە ئاوەها کارێک پاساو بدات؟ ئایا کۆمەڵکوژی منداڵانی بێتاوان، تێکدانی ناوەندەکانی دەرمان بۆ شێرپەنجە یان قسەی گەورە لەسەر بۆردومانکردنی نەتەوەیەک بۆ سەردەمی بەردین، سوودێکی هەیە جگە لە تێکدانی زیاتری وێنەی جیهانی ئەمریکا؟

ئئێران ڕێگەی دانوستانی بڕیوە، گەیشتووەتە ڕێککەوتن و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ ئەم کشانەوە لە ڕێککەوتن و جووڵەکردن بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە، و دواتر، دوو جار هێرش لە ناوەڕاستی دانوستاندا، بڕیاری تێکدەرانە بوون کە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بۆ جێبەجێکردنی چاوچنۆکی دەستدرێژکارانی دەرەکی دراون.

دەستپێکردنی هێرشەکان دژ بە ژێرخانە گرنگەکانی ئێران، لەوانە دامەزراوەکانی وزە و پیشەسازی، کارێکە کە ئامانجی ڕاستەوخۆی گەلی ئێرانە و جیا لەوەی کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت، لێکەوتەکانی بێ هیچ گومانێک لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕێت. ئەم هێرشانە بە واتای فراوانبوونی ناسەقامگیری، زیادبوونی تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکان و دروستبوونی خولێکی گرژی و چاندنی تۆوی کینەیە کە کاریگەرییەکەی بۆ ساڵانێکی زۆر دەمێنێتەوە. ئەم ڕێگەیە نیشانەی هێز نییە؛ نیشانەی سەر لێشێواوی و ناتوانییە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام.

ئایا جگە لەوەیە کە ئەمریکا وەک هێزێکی وەکالەتی ئیسرائیل و بە هاندانی ئەم ڕژێمە هاتووەتە ناو ئەم دەستدرێژییە؟ ئایا جگە لەوەیە کە ئیسرائیل بە گەورەکردنی هەڕەشەی ئێران ویستوویەتی سەرنجی ڕای گشتی جیهان لە تاوانەکانی خۆی دووربخاتەوە بۆ سەر هەڕەشەیەکی ناڕاست؟ ئایا جگە لەوەیە کە ئێستا ئیسرائیل بڕیاری داوە تا کۆتا سەربازی ئەمریکی و کۆتا سەنت لە باجی ئەمریکییەکان لەگەڵ ئێران بجەنگێت، تێچووەکان بخاتە سەر شانی ئێران، وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و خۆی لە ناوچەیەکی ئارامدا بێت؟ ئایا بەڕاستی ئەمڕۆ لە لیستی ئەولەویەتەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، “سەرەتا ئەمریکا”یە؟

من داواتان لێ دەکەم لە جیاتی گرنگیدان بە پڕوپاگەندەی میدیایی ئامانجدار، کە خۆی بەشێکە لە جەنگ، سەیری هاوڕێکانتان بکەن کە هاتوونەتە ئێران، سەیری ئاماری ئەو ئێرانییانە بکەن کە دوای خوێندنی باڵا لە ئێران لە باشترین زانکۆکانی جیهاندا خەریکی وانەگوتنەوە و توێژینەوەن یان لە گرنگترین کۆمپانیاکاندا کار دەکەن. ئایا ئەم ڕاستیانە لەگەڵ ئەوەی میدیا لەسەر ئێران پێتان دەڵێت، یەک دەگرێتەوە؟

جیهانی ئەمڕۆ لە خاڵێکدایە کە بەردەوامبوونی ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە، زیاتر لە هەر کاتێکی تر تێچووی زۆرە و بێ ئەنجامە. هەڵبژاردن لە نێوان ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردنی بنیاتنەر ، هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە و چارەنووسسازە؛ هەڵبژاردنێک کە لێکەوتەکانی، داهاتووی نەوەکان دیاری دەکات. ئێران لە درێژەی هەزاران ساڵ ژیانی پڕ لە شانازی خۆیدا، دەستدرێژکاری زۆری بینیوە؛ لێیان جگە لە ناوێکی ننگین لە مێژوودا نەماوەتەوە و ئێران هەر بە شانازییەوە ڕاوەستاوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە