شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەندی خێرا و ماوەکورت هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەهەندێ کات هەورەبرووسکە و تەرزەی لەگەڵدایە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەسبەینێوە، کەدەکاته ڕۆژی پێنج شەممە لەکاتەکانی نیوەڕۆ بەداوەوە شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند تەواوی ناوچەکانی دهۆک و زاخۆ و موسڵ و هەولێر و سۆران و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، سەرەتای بارانبارینەکە لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەدواوە بۆ کاتەکانی نزیک عەسر لەناوچەکانی ڕۆڕئاوای هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات لەموسڵ و دهۆک و زاخۆ و سۆران لەکاتەکانی ئێوارەی پێنج شەممە کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت بارانبارین دەگاتە هەولێر و ناوچەکانی شەمامک و گوێڕ و دیبەگە و مەخمور و سەرگەڕان و قەراج و کەندیناوە و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر.
وتیشی، “لەدرەنگانی شەو کاریگەری شەپۆلەکە دەگاتە سنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و گەرمیان”.
بەپێی پێشبینی ئەو شارەزا كەشناسییە، “بەپلەی یەک لەناوچەکانی دهۆک و زاخۆ و موسڵ و سۆران و ڕاپەڕین و هەولێر ئەگەری بارانبارینی مامناوەند بۆ بەخوڕ هەیە بڕی بارانبارین لەو ناوچانە پێشبینی دەکرێت لەنێوان (١٠ – ٢٠ملم) بێت و لەهەندێ ناوچەی شاخاویی بڕەکەی لەوەزیاتربێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە بەپلە دوو بارانبارین دەیانگرێتەوە و بارانەکەی لەنێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبێت.
