درز لە هاوپەیمانیی ناتۆ؛ فەڕەنسا و ئیسپانیا و بەریتانیا مەرجی خۆیان بۆ شەڕی ئێران ڕادەگەیەنن.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بە فەرمی جیابوونەوەی خۆی لە سیاسەتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ کاردانەوەی جیاوازی وڵاتانی تری کیشوەرەکە کە ئاماژە بە دابەشبوونی توندی نێوان هاوپەیمانە مێژووییەکان دەکات.
ماکرۆن بە توندی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی ناچێتە ژێر باڵی بڕیارە یەکلایەنەکانی ئەمریکا و وتی “فەڕەنسا بەشداری لە شەڕی دژی ئێراندا ناکات.”
جەختیشی کردەوە، کە پاریس هیچ چەکێک بۆ ئەم جەنگە دابین ناکات و لە بنەڕەتیشدا هیچ ڕاوێژێکی پێ نەکراوە بۆ هەڵگیرساندنی.
حکومەتی ئیسپانیا هاوشێوەی فەڕەنسا، هەڵوێستێکی سارد و دوورەپەرێزی نیشان داوە. مەدرید ڕایگەیاندووە کە “چارەسەری سەربازی بژاردەی ئەوان نییە” و ئامادە نییە هێزەکانی خۆی یان بنکە سەربازییەکانی بخاتە خزمەت هێرشێکی فراوان بۆ سەر ئێران، مەگەر لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت.
بە پێچەوانەی فەڕەنسا و ئیسپانیا، بەریتانیا (وەک هاوپەیمانی نزیکەی ئەمریکا) هەڵوێستێکی مامناوەندی گرتووەتە بەر، لە لایەک پشتیوانی لە مافی ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، لە لایەکی ترەوە، لە ژێر فشاری ناوخۆییدا، داوای “دانبەخۆداگرتن” دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی شەڕێکی فراوان دەبێتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا.
ئەم هەڵوێستانە نیشان دەدەن کە ترەمپ لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لەگەڵ ئێران، بە پێچەوانەی جەنگەکانی پێشووی ناوچەکە، ناتوانێت پشت بە هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی ئەوروپی ببەستێت، بە تایبەت کاتێک پاریس و مەدرید بە ئاشکرا دژی جەنگ دەوەستنەوە.
