قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی کرد لە ئادریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی رەوشی شەڕ و دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، هەردوولا هیوایان خواست هەرچی زووتر شەڕ کۆتایی بێت و لایەنەکان لەڕێی گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
سەبارەت بە هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە و نییە لەم شەڕە و بە ئامانج گرتنی کوردستان کارێکی ناڕەوا و بێ پاساوە.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد، “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی جدی بدات بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان”.
