spot_imgspot_img

سودانی و شاندی پارتی کۆبوونەوە

سودانی و شاندی پارتی کۆبوونەوە؛ جەخت لە یەکخستنی هەڵوێستەکان و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١ی نیسانی ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و پێکەوە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتیان تاوتوێ کرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی، لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی عێراق کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان تەواوی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کردەوە. ئامانج لەم هەماهەنگییە، یەکخستنی هەڵوێستەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەوە هاتوونەتە ئاراوە.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کاروباری سیاسیی ناوخۆ. لەم ڕووەوە جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە بەردەوامیی بەڕاوێژەکان و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا بدرێت و هەوڵی جددی بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، بە تایبەتی ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی هیوا و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت لە سەرانسەری وڵاتدا.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبن و لایەنەکان هەوڵ دەدەن سەقامگیریی سیاسی بپارێزن و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی بەغدا و هەولێر بەرەو چارەسەر بەرن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە