لە بەیانی ئەمڕۆوە بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کۆگای ڕۆنی کاستڕۆڵی بەریتانی تایبەت بە ئۆتۆمبێل و بەهۆیەوە تەواوی کۆگاکە سووتاوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “بەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر کۆگایەکی کۆگاكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە”.
ڕوونیشیکردەوە کە هێرشی یەکەم لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ی بەیانی ئەنجامدراوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە کاتژمێر ٨:٤٠ خوولەک و لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کارەکانیان، جارێکی دیکە لە ڕێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان شوێن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، کە زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە کاتژمێر ١٠:٢٠ خوولەک بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە.
لەم هێرشەدا بە گشتی سێ درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شوێنی ڕووداوەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داواکراوە لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردوومانکردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت”.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، کە بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی ڕزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، لە ئێستادا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، سەڕەرای هوشداری بەرگری شارستانی هێزە ئەمنیەکان، داواش لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەتەوە، بۆ سەلامەتی و پاراستنی خۆیان لەم شوێنە دوور بکەونەوە.
