بە بۆنەی سەرکەوتنی عێراق بۆ جامی جیهانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی عێراق و وەرزشوانان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 له مهکسیک، که بهرامبهر به تیمی بۆلیڤیا به دوو گۆڵ بهرامبهر به گۆڵێک بردییهوه، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بهگشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.
وتیشی: “ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی”.
وتیشی: “هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا دەخوازم و ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ هەمووان”.
ھەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیھانییدا بە ئەنجامی (٢-١) لە ھەڵبژاردەی بۆلیڤیای بردەوە و گەیشتە یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر ٦.٠٠ بەکاتی عێراق، لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیھانیی ٢٠٢٦، ھەردوو ھەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا و لە خولەکی ١٠دا، یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق عەلی حەمادی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ھەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
لە خولەکی ٣٨دا یاریزانی ھەڵبژاردەی بۆلیڤیا مۆسیس پانیاگوا ئەنجامەکەی بۆ ھەڵبژاردەی یەکسانکردەوە و گێمی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی ھات.
لە سەرەتای گێمی دوەومدا یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق، ئەیمەن حوسێن لە خولەکی ٥٣دا گولی دووەمی تۆمار کرد و ھەڵبژاردەکەی جارێکی دیکە عێراقی پێشخست.
یارییەکەیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتاییھات.
بەو ئەنجامەیش عێراق لە دوای ساڵی ١٩٨٦وە بۆ یەکەمجار و دوای ٤٠ ساڵ، خەونی گەیشتنی بە مۆندیال بووە ڕاستی و خۆی گەیاندە یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦.
