spot_imgspot_img

نرخی ئەمپێری مۆلیدە لە دوو شاری هەرێم دیاری كرا

لە دهۆك بڕیار درا بە كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە 24 كاتژمێر كارەبا بدرێتە هاووڵاتیان و ئەمپێری بە 12 هەزار بێت، هاوكات لە هەولێر ئەمپێرێك بە 15 هەزار دیاری كراوە بۆ 300 كاتژمێر كارەبای مۆلیدە.

ئەمڕۆ بە هاوبەشی نێوان لیژنەکانی قایمقامییەتی پارێزگای دهۆک و کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بڕیاریاندا، کە لەگەڵ بچرانی کارەبای نیشتیمانییدا مۆلیدە ئەهلییەکان، ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت.

هەکار هروری، نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، لە لیدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند “بڕیار دراوە کارەبای گشتیی بە هاوکاری مۆلیدەکان بکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، هاوکات نرخی ئەمپێرێکیش زیاتر لە ١٢ هەزار دینار دەبێت”.

لە دوای ٢٨ شوبات کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد، کارەبای ٢٤ کاتژمێریی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا کەمکرایەوە بۆ خوار ١٠ کاتژمێر، لە ئێستاشدا بڕیار دراوە، کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان وەک تەواوکاری کارەبای نیشتیمانیی کاریان پێبکرێت و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بدرێتە هاووڵاتییان.

خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەو دۆخەی کە ڕووی لە کەرتی کارەبای نیشتمانی کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، مۆلیدە ئەهلییەکان ئەرکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان لەئەستۆ گرت. لەسەر بنەمای میکانیزمێکی دیاریکراو، سەرەتا 100 کاتژمێر و دواتر 200 کاتژمێری تر بۆ مانگەکە دیاریکرا، کە کۆی گشتی دەکاتە 300 کاتژمێر.”

راشیگەیاند: ئەو ناوچانەی کە کاتژمێری پێدانی کارەبایان نەگەیشتووەتە 300 کاتژمێر، ئەو کاتژمێرانەی ماون وەک “قەرز” لای خاوەن مۆلیدەکان دەمێنێتەوە و لە مانگی نیساندا بۆ هاووڵاتییان قەرەبوو دەکرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی کارەبا دەڵێت: بۆ 300 کاتژمێر کارکردن، بڕی 15,000 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاری کراوە، ئەمەش بە ڕەچاوکردنی نرخی سووتەمەنی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووەکان هەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە