پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 11ی نیسانی داهاتووی وەک وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات دیاری کرد.
پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆک کوتلە پەرلەمانییەکان ئەنجامدا؛ بە مەبەستی تاووتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگ سەبارەت بە کارەکانی ئەنجومەن، کە دیارترینیان گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو یاسا گرنگانەی لە ماوەی داهاتوودا دەخرێنە ناو کارنامەی دانیشتنەکانەوە، جگە لە تەواوکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی ئەم شایستە دەستوورییە و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی، بەتایبەت لە سایەی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوورییەی کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژی شەممە ١١ی نیسان وەک وادەی ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری بکات.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی هەبێت.


