پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەنزین لەناوخۆ دەپاڵێورێت، کەچی لیتری ١٥٠ دینار گران کراوە لەکاتێکدا دەبوو بەهۆی نەڕۆیشتنی نەوتەوە هەرزان بووایە نەک گران.
عومەر گوڵپی لە نووسراوێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک دەڵێت، پاڵاوگەکان کار دەکەن و نەوەستاون و دەتوانن بەشی سێ هێندەی دانیشتووانی کوردستان پێداویستی ناوخۆ دابین بکەن، کەچی بەبێ هۆکار نزیکەی (١٥٠) دینار بۆ هەر جۆرێکی بەنزین نرخەکەی گران کراوە!
دەشڵێت: ئەگەر وەستانی ڕۆیشتنی نەوت لە گەروی هورمز بووبێتە هۆی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی لەو وڵاتانەی کە هاوردەکارو کڕیاری نەوتن، دەبوو بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوتن و نەوتەکەیان بە دەرەوە نافرۆشرێت دۆخەکە پێچەوانە بووایەو نرخی هەموو جۆرەکانی سوتەمەنی هەرزانتر بێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕێک بە پێچەوانەوە!
دەقی نووسینەکە:
پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ٢٨ی ٢، لیترێک بەنزینی موحەسەن نزیکەی (١٠٥٠) دینار بوو، لە ئێستەدا گەیاندوویانەتە (١١٧٠) دینار! لە کاتێکدا لە (١٠٠٪)ی بەنزین لە ناوخۆ بەرهەم دێت، لە پاڵاوگەکانی (کارو لانازو بازیان)!
هەموو ڕۆژێک کۆمپانیای کار نزیکەی (١٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بە تەواوەتی بەشی پێداویستی ناوخۆ دەکات لە بەنزین و گاز و نەوتی سپی ماڵان.
پاڵاوگەکانیش کار دەکەن و نەوەستاون و دەتوانن بەشی سێ هێندەی دانیشتووانی کوردستان پێداویستی ناوخۆ دابین بکەن، کەچی بەبێ هۆکار نزیکەی (١٥٠) دینار بۆ هەر جۆرێکی بەنزین نرخەکەی گران کراوە!
لەوەش زیاتر: ئەگەر وەستانی ڕۆیشتنی نەوت لە گەروی هورمز بووبێتە هۆی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی لەو وڵاتانەی کە هاوردەکارو کڕیاری نەوتن، دەبوو بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوتن و نەوتەکەیان بە دەرەوە نافرۆشرێت دۆخەکە پێچەوانە بووایەو نرخی هەموو جۆرەکانی سوتەمەنی هەرزانتر بێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕێک بە پێچەوانەوە!
گرانکردنی سوتەمەنی، تەنها لە گرانبوونی خودی سوتەمەنیدا ناوەستێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر سەرجەم پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک هەیە، واتە ئەوەشی ئۆتۆمبیلی نییە و ڕۆژانە بەنزین ناکڕێت بەو نرخە گرانە، لە دەیان ڕێگەی ترەوە باجی ئەو گرانبوونە دەدات!
کوردبوون و کوردایەتی دروشم و بانگەشە نییە، بەڵکو خزمەت و دڵسۆزی و پەرۆشی و یاساو عەدالەتە بۆ هاووڵاتیانی نیشتیمانەکەت!
لە بواری پێویستی خەڵک بۆ سوتەمەنی کوردایەتی بریتییە لەوەی کە سوتەمەنی (نەوت و غازو بەنزین و گاز) کە موڵکی خەڵکی کوردستانە بە نرخی حکومی و گونجاو بگاتە دەست خەڵک، نەوەک خەڵک لە شارو وڵاتی خۆی سەرەڕای هەموو فشارەکانی ژیان و بژێوی و فشاری دەروونی دۆخی شەڕ، ئەم بەرهەمانەشی لەسەر گران بکرێت!
عومەر گوڵپی
٣٠ی ٣ی ٢٠٢٦
