ئیسماعیل قائانی بۆ ئیسرائیل: راهاتن لەگەڵ “دۆخە نوێیەکەی ناوچەکە” بکەن
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکدا هێرشی توندی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڕایگەیاند” کە خەونەکانی تەلئەبیب بۆ فراوانخوازی لەبارچوون”.
فەرماندەی هێزی قودس لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کردوە “نەتانیاهۆ خەونی بە فراوانکردنی پشتێنەی ئەمنییەوە لە ناوچەکەدا دەبینی، بەڵام هێرشە ژیرانە و ئازایانەکانی برایانی حزبوڵڵا لە باکوور و ئەنسارولڵا (حوسییەکان) لە باشوور، درۆکانی ڕژێمیان بۆ نیشتەجێبووانی ئیسرائیل ئاشکرا کرد.
قائانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئاواتی فەرماندە شەهیدەکانی بەرەی مقاوەمە هاتووەتە دی و وتی “لە ئێستادا ژووری جەنگی بەرەی مقاوەمە یەکە و هەمووان بە هەماهەنگی کار دەکەن.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فەرماندەی هێزی قودس هۆشدارییەکی ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیسرائیل کرد و نووسیویەتی: “خۆتان لەگەڵ دۆخە نوێیەکەی ناوچەکە ڕابهێنن.” ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی هەژموونی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.
