سەرۆكی كاتی سووریا بە سەردانێكی فەرمی لە ئەڵمانیایە و ڕایدەگەیەنێت، سازش لەسەر یەکگرتوویی خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەت بەسەر هەموو خاکەکانیدا ناكەین و دەبێت هەموو گەلی سووریا یەكسان بن و مافیان هەبێت و دەشڵێت: پێویستمان بە شەڕ نییە بۆ ئەوەی بزانین سووریا ڕێڕەوێكی وشكانی سەلامەتە بۆ دابین كردن و گواستنەوەی وزە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سووریا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕاوێژكاری ئەو ولاتە ئەنجامیدا ڕایگەیاند، پێویستمان بە شەڕ نییە بۆ ئەوەی بزانین سووریا ڕێڕەوێکی وشکانی سەلامەتە بۆ زنجیرەکانی دابینکردن و گواستنەوەی وزە. ڕێگاکان دەبێت بەردەوام هەمەچەشن بن و جیهان زیاتر لە بژاردەیەکی هەبێت. سووریا بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، لە مێژوودا پەیوەندییەکی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بووە.
وتیشی، “ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆی زۆرین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی پەناگەی سەلامەت بۆ زنجیرەکانی دابینکردن و گواستنەوەی وزە”.
ڕاشیگەیاند، سووریا وڵاتێکی کولتوور و داب و نەریتی جۆراوجۆرە و ئێمە سەروەری یاسا لە سەرووی بەرژەوەندییە کەسییە تەسکەکانەوە دەپارێزین. لە ڕێگەی یاسا و دەستوورەوە، هەموو کەسێک لە دەوڵەتی سووریادا لە مافەکانی خۆی بەهرەمەندە.
جەختیشی كردەوە، پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا مەترسییەکی بەرچاو لەسەر دابینکردنی وزە و نرخی جیهانی دروست دەکات، ئەمە جگە لە مەترسی فراوانبوونی. ئیدانەی خۆمان بۆ بەئامانجکردنی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە دووپات دەکەینەوە.
شەرع دەشڵێت: ئەمڕۆ لە سووریا، بناغەکانی دەوڵەتێکی نوێ، دەوڵەتێکی یاسا و دامەزراوەکان دادەنێین، دوای دەیان ساڵەی دوورودرێژ لە ستەمکاری کە تائیفەگەری و تیرۆری وەک ئامرازی حوکمڕانی بەکارهێنا.
بە وتەی شەرع، “دیدگای ئێمە بۆ سووریای نوێ لەسەر بنەمایەکی سازش نەکراو دامەزراوە: یەکگرتوویی خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەت بەسەر هەموو خاکەکانیدا. ئێمە دەوڵەتە بچووکەکان لەناو دەوڵەتدا قبوڵ ناکەین، هەروەها ڕێگە بە بوونی هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە نیشتمانییەکان نادەین”.
ئاماژەی بەوەشداوە، بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بەوەیە کە دەسەڵات و بڕیاردان تەنها لە دەستی دامەزراوە شەرعیەکانی دەوڵەتدا چڕبکرێتەوە بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی ئاسایشی هەموو سووریاییەکان زامن بکات.



