هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی 8ی نیسانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەستنیشان کرد، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند دانیشتنەکە ڕۆژی 11ی نیسان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە میانی کۆبوونەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا بڕیاردرا ڕۆژی شەممە 11ی نیسان دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت.
بڕیار بوو پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، بە دەنگدان پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکلا بکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد و تێیدا ناڕەزایی دژی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار گرت، گۆڕانکاری بەسەر وادەکەدا هات.
دوێنێ شەو بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و بنیادنان کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دەکات، دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیار دراوە 8ی نیسان بکرێتە وادەی کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنەکەش بۆ ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە کە هەر یەکێکیان کاندیدێکی بۆ پۆستەکە دەستنیشان کردووە و تا ئێستاش ئامادە نین لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون.
