وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سبەینێوە خوێندن بە شێوەی ئامادەبوون لە ناو هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، تا ئەوکاتەی بەفەرمی ئاگادار دەکرێنەوە ڕادەگیرێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەوام لە دووشەممە ٣٠ ی ٣ ی ٢٠٢٦وە، بە شێوەی ئامادەبوون، لە ناو هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، تا ئەوکاتەی بەفەرمی ئاگادار دەکرێنەوە پرۆسەی دەوامکردنی ناو پۆل لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامنادرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە قوتابخانە حکومییەکان بەشێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی پلاتفۆرمی ( ئی-وانە) و پلاتفۆرمی ( قوتابخانەکەم ) وەربگرن ، یان سوود لە گروپە ئەلیکترۆنییەکانی قوتابخانەکان وەردەگرن بۆ پێدانی ئەرکی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایان بەشێوەی ڕۆژانە وێڕای پەخشکردنی وانەکانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە هەرسێ (تەلەفزیۆنی پەروەردەیی ) هەولێر و سلێمانی و دهۆک کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پەخشیان هەیە.
سەبارەی بە قوتابخانە ناحکومیەکانیش، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، قوتابخانە ناحکومیەکان سیستمی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتیەکان و بیانییەکان خوێندنی ئۆنلاین بەگوێرەی سیستمی خۆیان بەرکار دەکەن.
وەزارەتی پەروەردە جەختیشی کردەوە کە “دڵنیایی دەدەینە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابیان، لەکاتی گونجاو هەموارکردنەوە و گۆڕانکاریی لە ساڵنامەی خوێندن دەکرێت وکاتی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکرێت و مافی قوتابیان پارێزراو دەبێت”.
