spot_imgspot_img

داوا دەکرێت عێراق قەرەبووی هێرشەکانی هەولێر بکاتەوە

پارێزگاری هەولێر: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بۆردومانەکانی سەر هەولێر بکاتەوە

بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ “لیژنەی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان” بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر مافی یاسایی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی قەرەبوو لە حکومەتی فیدراڵی کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦، لە دیوانی پارێزگا و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی و بەرپرسانی کاروباری ناوخۆ و قەیرانەکان، وردەکاری ئەو زیانە ماددی و مرۆییانە تاوتوێ کرا کە بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی گروپە لەیاسا دەرچووەکان بەر سنووری پارێزگای هەولێر کەوتوون.

پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە کارەکانی لیژنەکە کرد و ڕایسپاردن کە بە وردی لیستی ناوی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە ئامادە بکەن کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی شوبات تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەکانەوە زەرەرمەند بوونە، تاوەکو قەبارەی ڕاستەقینەی زیانەکان بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوون بێتەوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و لە چوارچێوەی “بودجەی فریاکەوتن”دا، قەرەبووی سەرجەم ئەو هاووڵاتی و لایەنانە بکاتەوە کە بوونەتە قوربانیی هێرشی گروپە تیرۆریستییەکان. پارێزگار جەختی کردەوە کە پاراستنی خاکی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان ئەرکێکی دەستووریی بەغدایە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر داوای لە میدیاکان کرد پابەندی ڕێنماییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بن لە کاتی ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکان.بە شێوەیەکی پیشەیی ڕەهەندە مرۆییەکانی ئەم تاوانانە نیشانی جیهان بدەن.دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و شێواندنی ئامارە فەرمییەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە