حکومەتی هەرێم زیاتر لە ٨.٧ ملیار دینار بۆ هاوبەشانی کارەبا دەگەڕێنێتەوە.
پرۆژەی ڕووناکی بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاڵپشتی دارایی هاووڵاتییان، بڕی زیاتر لە ٨.٧ ملیار دیناری لەسەر پسوولەکانی کارەبا بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕاندەوە.
ئەم بڕە پارەیە لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدایە کە مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، تێیدا بڕی ٢٠٪ داشکاندن کرا بۆ هەر پارەدانێک کە لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵیی حکومەتەوە (ئی-پسوولە) ئەنجام بدرێت.
لە ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (ئی-پسوولە) و داشکاندنی ٢٠٪ی بۆ خزمەتگوزارییەکان ڕاگەیاند.
حکومەت جەختی کردووەتەوە، کە زۆرینەی هاوبەشانی ماڵان لە پسوولەی مانگی دوودا سوودمەند بوون، ئەوانەشی کە هێشتا نەیگرتووەتەوە، لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو پاڵپشتییە دەیانگرێتەوە.
(ئی-پسوولە) ئەپڵیکەیشنێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵییە و ئامانج لێی گۆڕینی شێوازی پارەدانی “کاش”ە بۆ “ئەلیکترۆنی”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بڕی تەواوی ئەم پاڵپشتییە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، پڕۆژەی (ڕووناکی) دەگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و کێشەی کارەبا بە تەواوی بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت.
