عەبدولواحێد محەمەد – مامۆستا
پێویستە بزانرێت پرۆسەی پەروەردە سەرچاوەی هەموو وەرگۆڕانە باشەکانە، لەژێر رۆشنایی ئەو راستیە دەبێ بە تەواوی لە هەموو روێکەوە ماددی، مەعنەوی و مرۆیی بایەخی پێبدرێت، هەموو ئەو پێدراوانەش کە زەروریە بۆ پرۆسەیەکی تێر و پڕ، بێ چەند و چون دەبێ بڕەخسێت، وەک پرۆگرامی باش، کاتی پێویست، مامۆستای لەخەمڕەخساو، پەرەپێدانی بەردەوامی مامۆستا، تەکنیک و تەکنەلۆجیای نوێ، بینا و باڵەخانەی مۆدێرن.
بەراورد بەو بارودۆخەی هەرێم پێیدا گوزەری کردووە، هەندێک لەو فاکتۆرانەی ئاماژەمان پێدان، بەشێوەیەک لە شێوەکان رەخساون ئەگەرچی کەموڕیشیان زۆرە، ئەوەی گرفتە و بەردەوامی هەیە، ناکامڵی ساڵەکانی خوێندنە، واتە کەمی ماوەی پەروەردە و فێرکردن لە ساڵێکدا، قسەم زۆرە بۆ ئەوگرفتە پەنا بەخوا لە دەرفتێکی نزیکدا دەیانخەمە ڕوو.
ئەوەی دەمەوێ لەم پەرگرافە لەسەری هەڵبدەمێ، ئەمساڵی خوێندنە کە هەر لە سەرەتاوە بە ناهاوسەنگی لە نێوان هەردوو وەرز دەستی پێکرد، بە سروشت و وەکو ریسا هەمیشە دەبێت وەرزی یەکەم درێژتر بێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار لەوانە:
١-مامۆستایان و خوێندکاران، دوای پشوەکی درێژ بە شەوقەوە دەگەڕێنەوە بۆ پەروەردە و فێرکردن و ئامادەیی تەواویان تێدایە، بۆ ئەرکە تازەکانیان.
٢-کەش و هەوا بە درێژایی مانگەکانی (١٢،١١،١٠) زۆر لەبار و گونجاوە بۆ پرۆسەی پەروەردە.
٣-بەشی زۆری خوێندکاران مامەڵە لەگەڵ واقیعێکی تازە و نوێ وەک پۆل، پەڕتوکەکان،مامۆستاکان دەکەن، ئەوەش رشدتریان دەکەن لەسەر خوێندن.
٤-پشوەکان لە نێو ئەو وەرزە زۆر کەمن، ئەمەش وادەکات خوێندکاران توشی خاوبوونەوە نەبن و بە تەواوی رابێن لەسەر دەوامی رێکوپێک و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
کەچی بە داخەوە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ کورتر بوو لەوەی پێویستە، هەمووی دەوروبەری شەست رۆژ دەوامکرا کە خۆی دەبوایە بەلای کەم نەوەت رۆژ دەوامکرابا، ئەوەش بەشێکی بۆ ئەو پلانە گەڕایەوە کە وەزارەت فۆرمەلەی کردبوو کە من پێموایە دیراسەتی پێویست نەکرابوو، بەشەکەیتری بۆ ئەو پشوە درێژەی هەڵبژاردن بوو کە بە هەموی واتە بە پێشگر و پاشگرەوە زیاتر لە ١٥ رۆژی خایاند، لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە بەرپرسەکان بڵێم، تکایە بۆ ئەو شێوە پرۆسانە پەروەردە لە بیر مەکەن و مەهێڵن کاریگەری نەرێنی هەبێت .
بەهەر حاڵ کە هاتینە وەرزی دووەم هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەبوو پارسەنگی وەرزی یەکەم بکرێتەوە، لێ ئەو بایەخ پێدانە بە دی نەکرا، بە بەڵگەی ئەوەی هەر مانگی پیرۆزی رەمەزان دەستی پێکرد، ئیتر دایسی دەوام شلکرایەوە و وەک ئەوەی لە لایەک تیشکە رۆشناییەک درابێتە خوێندکاران، ئیتر دەوام نەکردن بووە شێوەیەک لە واقیع، لێرە جێی خۆیەتی سوپاسی هەندێک ئیداراتی مەدارس بکەین کە خۆڕسکانە رژدیان نواند بۆ دەوام کردن، چونکە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچونێکی ئەوتۆ نەبوو.
مخابن لەگەڵ یەکەم خۆفڕ و هاژەکی جەنگی نێوان ئەمرائیل و ئێران راستە و راست دەوام راگیرا، راستە هەمومان لەگەڵ سەلامەتی گیانی مامۆستایان و خوێندکارانی خۆشەویستین، بەڵام ئەگەر دەوائیرەکان هەموو دەوام بکەن و وڵاتانی دەوروبەریش لە دەوام بە پەروەردەکانیشیانەوە بن، بۆ شەیەکە بە تەنیا لەسەر پەروەردەکەی ئێمە شکا؟ لێ ئەوەی گوزەشت تازە ناگەڕێتەوە، ئەوەتا ئێستا جارێکیتر قسە لەسەر دەوام کردن و نەکردنەوەیە، من ئەو ماوەیە زۆر بەدواداچونم کردووە و مامۆستایانی خۆشەویستیشم زۆر دوواندووە، زۆربەیان پێیانوایە دەوام بکرێتەوە باشترە، چونکە وای دەبینن ساڵەکە بەرەوکۆتایی دەڕوات ئەوەندە رۆژەی ماوە ئەگەرچی بەرەندەی ئەوەی چوە ناکاتەوە، بەڵام لە ژێر قەولی زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە بە قازانج حیسابە، دەوامەکە زەروریە دەست پێبکاتەوە و ساڵەکە تێ بپەڕێنرێ، ئەگەر بە پێدراوە یاساییەکەی خۆشیەوە نەبێت، جەختیش لەوە دەکەنەوە پەنابردن بۆ ئۆنلاین گریمانەیەکی سەرکەوتو نابێت، تاقیمانەشیان بۆ ئەو رایە هەیە و باس لەسەر دەمی کۆرۆنا دەکەن کە هەندێ کەس بۆ ئەوە بواریان هێنا چۆکان، دوایێ هەر خۆیان وتیان شایستە نەبوو، ئەگەر نیەتی ئەوەش هەبێت کە هەندێ کەس رەواجی پێدەدەن پشوەکە بۆ هەفتەیەک درێژ بکرێتەوە.
من دەپرسم ئەوە چ لەو بارودۆخە بارگاویەی هەیە دەگوڕێ؟ هەقە ئەو پرسیارەش بکەین، ئەوەنیە بەغداش لەو کەشە ئەو دیو تاریکەیە بۆ نایکەنە پشوو؟
بۆیە درێژکردنەوە لە سپاردن بە قەدەر هیچیتر نیە و ئەوە دەگەیێنی ئەو ئیدارەیە پلانی جێگرەوەی نیە، پێویسە ئەوەش بوترێت، ئەوانەی رەواج بەوە دەدەن هەقە ئەوەش بڵێن، با ئەو دەوائیرانەی باج و خەراج کۆدەکەنەوە پشویان بێت، ئێ خۆ ئەوانیش لە گۆشت و خوێنن و خاوەنی ئەو منداڵانانەن کە لە خوێندن مەحروم دەکرێن و رەوانە سەر شەقامەکان دەکرێنەوە و یان ئالودەی مۆبایل و ئایپاد و ئەولا و ئەملا دەکرێن.
لە ژێر رۆشنایی ئەو ئەو راستیانە، دەخوازم بڕیاری دەست پێکردنەوەی دەوام بدرێت بەڵام بە ئاگاییەکی زۆرەوە هەر وەک ئەو وڵاتانەی وەکو ئێمە لە نێومەنگەنەکەدان کەچی دەوامیان رانەگرتوە، بڕواشم وایە ئەوە باشترین بژاردەیە، لە پەروەردگار دەپاڕێمەوە ئاوێک بەو ئاگرە بێ ئەمانە دابکات و کۆتایی پێ بهێنێت، ئیتر هەموو لایەک ئاسودەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو شەڕخوازانە چیتر سەودا بە هاووڵاتیانی وڵاتەکانیان نەکەن بۆ ناو و ناوبانگ و بەرژەوەنی کەسی و سیاسی.
