کەشناسێکی کورد وادەی ئاسایی بوونەوەی کەشوهەوا ئاشکرا دەکات و باس لە شەپۆلی بەهێزی بارانبارینیش دەکات کە ئەمڕۆ و سبەینێ ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لە ئێستاوە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەراستەوە نزیک دەبێتەوە لەناوچەکانمان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ بارانی مامناوەند و پچر پچر لەناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات بۆ کاتەکانی ئێوارە و شەو ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران و سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، هەر لەکاتەکانی شەودا تا بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، لوتکەی کاریگەری ئەم شەپۆلە دەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و شارۆچکەی ئاکرێ و شێخان و ئامێدی بارانی بەلێزمە و چالاکبوونی هەورە بروسکە دەبێت لەگەڵ بارینی تەرزەش لەهەندێ شوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و دۆڵەکان.
دەشڵێت: بۆ سبەینێ دووشەممە تا کاتەکانی ئێوارە کاریگەریەکانی ئەم شەپۆلە بەچالاکی بەردەوامی دەبێت و ناوبەناو لەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سۆران و راپەرین هەورە بروسکە و تاوە بارانی مامناوەند چالاک دەبێت لەگەڵ بارینی تەرزە لە هەندێ شوێندا و لەناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک لاواز دەبێت و زیاتر نمە بارانی پچر پچر دەبێت.
باسی لەوەشکردووە: پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ دوو پلە نزمدەبنەوە، بای باشوور کەمێک چالاک دەبێت خێراییەکەی 10 بۆ 35 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە کوردە، سبەینێ لەکاتەکانی شەودا کاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت، بەڵام لاواز دەبێت و تا ئێوارەی دوو سبەی سێشەممە بەلاوازی بەردەوامی دەبێت و لەهەندێ شوێندا هەندێک کات باران دەبارێتەوە و هەورە بروسکە چالاک دەبێت و پاشان کۆتایی پێدێت و کەش لەسەرجەم ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە، بۆ رۆژی چوارشەممەش کەش و هەوا جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت.
