spot_imgspot_img

بۆچی ئەمریكا و ئیسرائیل نەیانتوانی گەرووی هورمز كۆنترۆڵ بكەن؟

د. پێشڕەو ئیسماعیل

گەرووی هورمز قووڵایی (60) مەترە و پانییەكەی (34) میلە و بریتییە لە خاڵی بەیەكگەیشتنی كەنداو، لە نێوان كەنداوی عومان و دەریای عەرەب و ئۆقیانوسی هیندی، گەرووەکە دەرچەیەكی دەریایی گرنگ و پڕبایەخە بۆ  شەش دەوڵەتی  عەرەبی (عیراق و  كوێت و بەحرەین و سعودییە و قەتەر و ئیمارات)، بێجگە لە ئێران كە رۆژانە %90ی بەرهەمە نەوتییەكەی لە رێگەی ئەم گەرووەوە هەناردەی دەرەوە دەكات، هەروەها رێژەی لە %40ی نەوتی جیهان و لە %95ی هەناردەی نەوتی كەنداو پێكدەهێنێت.

رێڕەوێكی دەریایی بازرگانی نێودەوڵەتی
 لە راستیدا هەتا ئێستا گەرووی هورمز بەتەواوی دانەخراوە، ئێرانییەكان دەڵێن تەنیا بەڕووی دوژمناندا داخراوە، تائێستا نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی چین و هیندستان و كۆریا و ژاپۆن و ئەوروپا،  بەم گەرووەدا تێدەپەڕێ، ئەم گەرووە  رێڕەوێكی دەریایی بازرگانی نێودەوڵەتییە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە هیچ حاڵەتێكدا دابخرێ.
هۆكارەكانی كۆنترۆڵ نەكردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە:
– لە رووی جوگرافیاوە تۆبۆگرافیای ناوچەكە  بەرز و بەردەڵان و شاخاوییە، بەرزیی هەندێك لە چیاكانی (1800) پێیە لە ئاستی دەریاوە،  ئەم زنجیرە چیایەش كەوتۆتە سنووری خاكی ئێرانەوە و بە جۆرێك هەڵكەوتوون كە رووبەڕووی گەرووەكەن و زاڵن بەسەر گەروەكەدا، ئێران هەموو كاتێك  دەتوانێ بە مووشەكی مامناوەندیش كۆنترۆڵی گەرووەكە بكات.
– کەشتیگەلە سەربازییە گەورەكانی ئەمریكا و خۆرئاوا كە لە ناوچەكەن، ناتوانن لەم گەرووە بچووك و تەنگەبەرەدا شەڕ بكەن، چونكە ئەوانە کەشتیگەلی دەریا و زەریا قووڵ و فراوانەكانن، بۆ ئەو گەرووە بچووك و تەسكە دروست نەكراون.
– ئێرانییەكان وەكو ئاژانسە میدیاییە جیهانییەكان باسی دەكەن، خاوەنی (600) هەزار مینی ژێر دەریایین، بە دڵنیاییەوە هەندێك شوێنی گەرووەكە مینڕێژ كراوە، كاتێكی زۆر و زەحمەت و تەكنۆلۆژیایەكی سەربازی پێشكەوتوی دەوێت، بۆ تەقاندنەوەی هەموو مینەكان.
– ئەمریكا و ئیسرائیل لە ئاسمانن، بەڵام ئێران لەسەر زەوییە، ئەمریكا و ئیسرائیل هێزی زەمینییان لە گەرووی هورمزدا نییە، بەڵام ئێران هێزی زەمینیی بە درێژایی چیاكانی زاڵ بوو بەسەر گەروەكەدا دامەزراندووە، بە چەكی هەمەجۆر و تەقەمەنییەوە، تواناشی هەیە بە ئاسانی ئەو پێگە سەربازی و چەكانە لە ناوچەكەدا، لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بگوازێتەوە، چونكە خاكی خۆیەتی و شارەزای تۆبۆگرافی ناوچەكەشە.
– ئەگەر ئەمریكا و ئیسرائیل بیانەوێت  بەتەواوی كۆنترۆڵی گەرووی هورمز بكەن، دەبێت لە ئاسمانەوە دابەزن بۆ سەر زەوی، واتە هێزی زەمینی بەكاربهێنن، هەروەها لە پێشەوە كۆنترۆڵی  دوورگەی خارك بكەن، كە شادەماری ئابووری ئێرانە، بێجگە لەوەش هەر سێ دوورگەی (ئەبو موسا و تونبی گەورە و تونبی بچووك) بگرن، بەتایبەتی دوورگەی ئەبو موسا، كە زۆر نزیكە لە گەرووی هورمزەوە.
ئێستا کە دەنگوباسی دانوستان و دانیشتن و گفتوگۆ هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرووی هورمز خاڵێكی ناكۆكی نێوانیانە، بەڵام ئەگەر جەنگەكەش بووەستێ و رێبكەون، ئەوا ئێران براوەی جەنگەكەیە، چونكە دەسەڵاتەکە ماوەتەوە و نەڕووخاوە و تەسلیم نەبووە و بەرگری دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران زەرەر و زیانێكی گەورەی بەركەوتووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە