د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە ڕوانگەیەکی قووڵی مەعریفی و کۆمەڵناسییەوە، ئەفسانە تەنها چیرۆکێکی خەیاڵی نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو “زمانی یەکەمی مرۆڤایەتییە” بۆ تێگەیشتن لە گەردوون. کاتێک مرۆڤی کۆن نەیتوانیوە بە زمانێکی زانستیی (وەک ئەوەی ئێستا هەمانە) دیاردەکان شی بکاتەوە، پەنای بۆ ئەفسانە بردووە، ئەرکی ئەفسانە ئەوەیە مانا ببەخشێتە ئەم دیاردانەی نێو ژیان. بۆ نموونە؛ ئەفسانەکانی دروستبوونی زەوی و ئاسمان دەیانەوێت بڵێن کە “یاسایەک” لە پشت ئەم گەردوونەوە هەیە، نەک تەنها ڕێکەوت، لێرەوە پێم خۆشە ئەم نوسینەم بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەسپێبکەم..
لەم (هەورامان)ەی کوردەواری خۆماندا، چیرۆکێکی ئەفسانەیی باو هەیە، باس لە سەروەری عەقڵ دەکات بەسەر مرۆڤدا وەک شوناس، هاتوە دەڵێت:” لەسەردەمی دروستبوونی کۆمەڵگە مرۆییەکانەوە خودای خالق فریشتەیەکی ڕاسپارد بچێتە ناو مرۆڤەکان و بەوەی بەردێکی گەورەی دا بەدەست فریشتەکەوە داو ئەرکی ئەوەی پێ سپارد بگەڕێت بەناو مرۆڤەکاندا هەرکامیان بەعەقڵی خۆی ڕازی نییە، ئەو بەردەی بداتێ تا لەسەری دابنیشێت و ئیتر بەنەمری بمێنێتەوە لەم سەرزەمینە بژی.. بەڵام تا ئەمڕۆ مرۆڤێکی دەسنەکەوتوە ڕازی نەبێت بە عەقڵی خۆی، فەقیرە هەر بەردەکە بەدەستیەوەیەتی. تائێرە چیرۆکەکە ئەفسانەییەکە بوو..
بەدەر لەوەی ئەفسانەکان “کۆد” یان نەخشەی ڕەفتاری مرۆڤن. کاتێک عاقڵێک لە ئەفسانەیەک ورد دەبێتەوە، بێگومان تێدەگات لێیان بەجۆرێکیش دەستگیری مرۆڤن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ماناو کۆدی ژیان، ئاشکرایە ئەفسانە “ڕاستییەکی مێژوویی” نییە، بەڵکو “ڕاستییەکی خەیاڵی و دەروونییە”. وەک کارڵ یونگ دەڵێت، ئەفسانەکان ڕەنگدانەوەی “نەستی گشتی” (Collective Unconscious) مرۆڤن. ئەفسانە پردێکە لە نێوان “ئەوەی دەیزانین” و “ئەوەی هەستی پێ دەکەین بەڵام ناتوانین بیسەلمێنین. لێرەوە ئەم چیرۆکەی هێنامان شیدەکەینەوە، کە پێمان وایە دەست دەخاتە سەر برینێکی قوڵی مێژووی مرۆڤایەتی. “گرفتێکی مرۆیی” کە تا ئیمڕۆش لەلای مرۆڤدا دەبینین و بە جێگیری ماوەتەوە، بەوەی کە مرۆڤ هەمیشە خۆی بە “سەنتەری حەقیقەت” دەزانێت، وادەزانێت عەقڵی ئەو، بیرکردنەوەی ئەو لە پێش عەقڵی ئەوانی ترەوەیە. ئەمەش بۆخۆی تەنها گرفتێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو لە ڕووی زانستی و فەلسەفیشەوە لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە، منیش لێرەدا بۆ شیکاری فەلسەفی و کۆمەڵناسیانەی ئەو ئەفسانەیە ئاماژە بۆ سێ خاڵ دەکەم:
١/ “خۆبەڕاست زانین ” وەک مەیلێکی پەکخەر: مرۆڤ بە سروشتی خۆی مەیلی بۆ ئەوە هەیە کە تەنها ئەو زانیارییانە ببینێت کە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیدا دەگونجێن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دیوارێک لە دەوری عەقڵی دروست بکات و وەها هەست بکات کە هیچ کەسێک وەک ئەو لە حەقیقەت تێنەگەیشتووە، هەرکاتێکیش مرۆڤ بگاتە ئەو قۆناغەی کە بڵێت “من تەواوم و ڕاستی لای منەو پێویستم بە گۆڕان نییە”، لەو ساتەوە گەشەی عەقڵی و کۆمەڵایەتی دەوەستێت و لەپاڵ ئەوەشدا ڕێگر دەبێت لەوەی مرۆڤ لە ئەزموونی کەسانی تر فێربێت.
٢/ عەقڵ وەک ئامرازێکی پارێزگاری: چیرۆکە ئەفسانەییەکەی کوردەواری زۆر وردە؛ چونکە دەمانبات بۆ ئەو بیرەی کە بڵێین؛ مرۆڤ ئامادەیە دان بەوەدا بنێت کە پارەی کەمە، یان تەندروستی خراپە، بەڵام زۆر بە دەگمەن دان بەوەدا دەنێت کە ” کەم عەقڵە” یان “تێگەیشتنەکەی هەڵەیە”. چونکە عەقڵ ناسنامەی مرۆڤە. شکاندنی عەقڵ لای مرۆڤ وەک شکاندنی شکۆ و کەسایەتییەتی، بۆیە هەمیشە بەرگری لێدەکات. لەمەشەوە دروستبوونی ململانێ دەهێنێتە ئاراوە زۆربەی شەڕ و کێشە گەورەکانی مێژوو لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە هەر لایەنێک پێی وابووە تەنها خۆی “حەقیقەتی ڕەها”ی لایە و ئەوانی تر لەسەر ناڕاستن! بە واتا عەقڵی ئەم بە راستیەکە دەشکێت و ئەوانیتر بەهەڵەدا دەچن.
٣/ نەمانی گومان: گومان کلیلی زانست و مەعریفەیە، کاتێک مرۆڤ لە خۆی ڕازی بوو، واتە لە عەقڵی و بیرکردنەوەی ڕازی بوو، گومانی نامێنێت، کە گومانیشی نەما، پرسیار ناکات.
“نەزانینی ڕەها ئەوە نییە کە زانیاریت نەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە وا بزانیت هەموو شتێک دەزانیت” ئەو فریشتەیەی چیرۆکەکە باسی دەکات، تا قیامەت هەر بەو بەردەوە دەمێنێتەوە! کەسێ نیە بیداتە دەستی و لەسەری دابنیشێت!! چونکە مرۆڤ حەزدەکات لەناو ئەو وەهمەدا بژی کە بڵێت بەوانی تر “عەقڵی من بێ عەیبە”. لێرەوە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و خێزانی دەتوانن یارمەتی مرۆڤ بدەن بۆ ئەوەی کەمێک لەو “خۆبەڕاست زانینە” دوور بکەوێتەوە و فێری گومان کردن بێت لە خۆی.
گەرلێرەدا پرسیارێک بوروژێنین بپرسین “عەقڵی مرۆڤ چۆن کار دەکات؟”. چەند فەیلەسوف بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بەدەم وەڵامی ئەم پرسیارەوە سهاتوون:
ا/ ئیمانوێل کانت (Immanuel Kant): کانت پێی وابوو عەقڵی مرۆڤ وەک “جامێک” وایە کە ڕەنگی خۆی دەدات بەو ئاوەی تێی دەکرێت. ئێمە ناتوانین حەقیقەتی شتەکان وەک خۆیان ببینین، بەڵکو تەنها بەو شێوەیە دەیانبینین کە عەقڵمان بۆمان مۆدێل دەکات، لێرەوە کاتێک مرۆڤ وا دەزانێت گەیشتووە بە حەقیقەتی ڕەها، بەم تێگەیشتنەی کانت “نەخێر، ئەو تەنها گەیشتووە بەو وێنەیەی عەقڵی خۆی بۆی کێشاوە، لێرەوە کانت داوا دەکات مرۆڤ دان بە سنوورداربوونی دەرک و پەیبردنە ئاوەزیەکانی خۆیدا بنێت.
٢/ ڕێنێ دیکارت (René Descartes): گومان وەک دەرمان، دیکارت بە ڕستەیەکی بەناوبانگ دەست پێ دەکات، کە زۆر لەو چیرۆکەی هێنامان دەچێت، دەڵێت “:عەقڵ باشترین شتە کە بە یەکسانی بەسەر مرۆڤەکاندا دابەش کراوە، چونکە هەموو کەسێک وا دەزانێت بەشێکی ئەوەندە زۆری بەرکەوتووە کە پێویستی بە هیچی تر نییە.
دیکارت بۆ ڕزگاربوون لەو “خۆبەڕاست زانینە”، میتۆدی گومانی پێشنیارکرد. وتی دەبێت لە هەموو ئەو شتانە کە پێشتر بە “ڕاست”مان زانیون، گومان بکەین. تا لەوێوە بزانین کامەیان لەسەر بنەمایەکی پتەو وەستاوە نەک تەنها لەبەر ئەوەی “حەزمان لێیەتی” یان “پێیان وتووین.”
٣/ دەیڤید هیۆم (David Hume) :هەست و خوو نەک عەقڵ.
هیۆم زۆر بێبەزەییانەتر سەیری مەسەلەکە دەکات، ئەو پێی وایە زۆربەی ئەو شتانەی ئێمە بە “حەقیقەتی عەقڵی” دایان دەنێین، تەنها “خوو” (Habit) و هەستی دەروونین. ئەو دەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانی نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی “هەستییە” کە عەقڵ بەکار دەهێنێت بۆ پاساودانی ئەو شتانەی کە دڵی دەیەوێت. واتە ئێمە سەرەتا شتێکمان بەلاوە ڕاستە، پاشان عەقڵمان ڕادەسپێرین کە بەڵگەی بۆ بهێنێتەوە (ئەمە ئەو لوتکەی خۆبەڕاست زانینەیە کە لەنێو چیرۆکەکەدا لێی تێدەگەین).
بە کورتی، هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە گەورەترین دوژمنی مەعریفە، “نەزانی” نییە، بەڵکو “وەهمی زانینە”. ئەو بەردەی لای فریشتەیەی ماوەتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە عەقڵی خۆی بڵێت: “ڕەنگە من هەڵە بم و بەردەکە وەربگرێت و با ئاشتی تا کۆتایی بژیت!!.
ئەگەر بەو “بەردەی دەست فریشتەکە” و ڕوانگەی فەیلەسوفەکان سەیری سەرۆک و بڕیارەدەدەرانی شەڕی ئەمڕۆ بکەین، دەبینین گرفتەکە تەنها لە نەبوونی عەقڵدا نییە، بەڵکو لە “خۆبەڕاست زانینی ڕەها” دووچاربوونی سەرکردەکانی شەڕ بە وەهمی حەقیقەت و نەبوونی گومانی دیکارتی لای ڕاوێژکارەکانیان و نەبوونی بیری ئەخلاقیانەی کانت لای بەردەستەکانیان کە دەیگوت: “مرۆڤ هەمیشە دەبێت وەک ئامانج سەیر بکرێت، نەک وەک ئامراز، چونکە ئەوە گەورەترین نائەخلاقیە بەرامبەر مرۆڤ دەکرێت، کاتێک وەک ئامڕازو داشی دامە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت!” بەڵام لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا، سەرۆکەکان بەهۆی ئەو “خۆبەڕاست زانینەوە”، مرۆڤەکان تەنها وەک ژمارە و ئامراز دەبینن بۆ گەیشتن بەو “حەقیقەتە”ی کە خۆیان بڕوایان پێیەتی.
دەرەنجامی ئەم تێگەیشتنە ئەوەیە ئەگەر فریشتەکە ئەمڕۆ بێتە ناو کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکەکان یان ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، دەبینێت: گوێ ناگرن! چونکە گوێگرتن پێویستی بەوەیە کەمێک لە عەقڵی خۆیان ناڕازی بن (ئەوەش کەس نییە بیکات) لێرەوە بەردەکە تا کۆتایی هەر دەمێنێتەوەو مرۆڤێک نیە وەریبگرێت! چونکە هەموو سەرۆکێک پێی وایە ئەو “نوێنەری ڕاستی”یە لەسەر زەوی. بە کورتی، شەڕی ئەمڕۆ بەرەنجامی ئەوەیە کە “عەقڵ بووەتە پاساودەر بۆ توندوتیژی”. ئەگەر تەنها یەک سەرۆک هەبوایە ئامادە بوایە ئەو بەردەی فریشتەیە وەربگرێت و بڵێت “من لە تێگەیشتنی خۆم ناڕازیم و ڕەنگە هەڵە بم”، ڕەنگە نەک ئەم شەڕە بەڵکو زۆرینەی شەڕەکانی جیهان دەوەستان.
