مەسعود بارزانی ڕایدەگەیەنێت کە لە دەستپێکی شەڕەوە 450 جار هێرشی درۆن و مووسەک کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەبێت عێراقیش هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت، چونکە ئەو هێرشانە بە ئیدانە و تەلەفۆن و لیژنە چارەسەر نابن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی دەربارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەرێمی کوردستان هیچ کات بەشێک نەبووە لەو کێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەیە بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵک هەن بە بێ ئەوەی کەس ڕێگرییان لێ بکات، تەرکیزی سەرەکییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەک دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە مووشەک پەلاماری هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵکی بێگوناحیان شەهید و بریندار کردووە. لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێکراوە زیاتر لە 450 جار بە مووشەک و بە درۆن هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگیمان لێ کردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دهۆک بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆکی هەرێمیان داوە. بابەتەکە ماڵ یان بارەگای کەس نیە، هەموو شوێنێکی کوردستان و هەموو ماڵی کوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.
ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێکی ئاشکران و زوڵمێکی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەکی گەورەن بەرانبەر هەرێمی کوردستان و دەبێ چارەسەرێکی جددی و یەکلاکەرەوەیان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن و بروسکە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن کە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بکەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن و ئیجرائاتی جددی بکەن کە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە، گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێک نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشکێنێت.
مەسعود بارزانی
29ی ئاداری 2026
