بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانمان توانییان تۆمەتبارێک بە ناوی (ب. ن. س) دەستگیر بکەن. ناوبراو کاتێک دەستگیرکرا کە خەریکی وەرگرتنی بڕی 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی ساختە بوو لە نێو شاری هەولێردا.
ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو بڕە پارەیە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی گەیاندنەوە لە وڵاتێکی دراوسێوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: تۆمەتبارەکە پلانی داڕشتبوو کە ئەو دراوە ساختەیە لە بازاڕەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بە هاووڵاتییان ساغ بکاتەوە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارەکە ئاراستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان دەکات کە هەمیشە بە هاوکاری و زانیارییەکانیان پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکانن بۆ پاراستنی ئاسایشی بازاڕ و ڕێگریکردن لە تاوان.
