قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە توندی ئیدانەی دەکەین و محەمەد شیاع سودانی دەڵێت: ئیدانەی دەكەین و لێكۆڵینەوە دەكەین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێكدا ڕایگەیاند: بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە توندی ئیدانەی دەکەین.
دەشڵێت: بیری حکومەتی فیدراڵی دەخەینەوە گروپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق. هەربۆیە ئەگەر دەستبەجێ ئاژاوەگێڕەکان رانەگیرێن و رووبەڕووی سزا نەکرێنەوە، دڵنیام سبەی دەبنە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر بۆ سەر سەروماڵی بەرپرس و دامودەزگا فەرمییەکانی بەشەکانی تری عێراق” قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەدێت، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆک.
نووسینگەی سودانی دەشڵێت “سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکی هاوبەش لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە، دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارە یاساییە پێویستەکان لە دژیان”.
هاوكات، عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیمەی نیشتمانی لە پەیامێكدا دەڵێت: بە ئامانجگرتنی ماڵی بارزانی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکات و سەروەری نیشتمانی عێراق پێشێل دەکات.
لاى خۆشییەوە، فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردەوە، هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەئامانجکردنی دامودەزگاکانی دهۆک کارێکی تاوانکاری ترسنۆکانەیە و بێ سزا نابێت.
تا ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێم هیچ زانیاری و ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی کردنە ئامانجی ماڵی نێچیرڤان بارزانی بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکان کەوتنە خوارەوەی درۆنێکیان لە دهۆک ڕاگەیاند، بەڵام زانیاریی ورد لەبارەی هێرشەکەوە بڵاو نەکرایەوە.
