spot_imgspot_img

چەند جۆرە خۆراکێک لە سەلاجەدا دەبنە ژەهر؛ کەی دەبێت فڕێ بدرێن؟

زۆرێک لە ئێمە پاشماوەی ژەمەکانمان لە سەلاجەدا هەڵدەگرین بۆ ئەوەی دواتر بیخۆینەوە، بەڵام پسپۆڕانی بوارەکە هۆشداری دەدەن کە هەڵگرتنی هەڵە و درێژخایەنی هەندێک خۆراک دەبێتە هۆی گەشەکردنی بەکتریا و ژەهراویبوونی مەترسیدار.

دکتۆر “بریمڕۆز فریستۆن”، مامۆستای مایکرۆبایۆلۆژی لە زانکۆی لیستەر، لە ڕێگەی گۆڤاری The Conversationـەوە هۆشداری دەدات کە ژەهراویبوون تەنها بەهۆی خواردنی نەکولاو یان پیس نییە، بەڵکو خواردنی هەڵگیراوی ناو سەلاجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.

لیستی ئەو خۆراکانەی “مەترسییان زۆرە”:

١. پیتزای سارد

پیتزا بەهۆی بوونی ئەو بەهارات و سەوزە وشکانەی لەسەریەتی، ژینگەیەکی لەبارە بۆ بەکتریا.

ڕێنمایی: ئەگەر پیتزا زیاتر لە ٢ کاتژمێر لە دەرەوەی سەلاجە مابێتەوە، بەکتریاکان چالاک دەبنەوە، بۆیە تەنها ٢ ڕۆژ لە ناو سەلاجەدا دەمێنێتەوە، دوای ئەوە تەنانەت ئەگەر ڕەنگ و بۆنیشی نەگۆڕابێت، دەبێت فڕێ بدرێت.

٢. مریشکی کولاو

مریشک بەهۆی زۆریی ڕێژەی ئاو و ماددە خۆراکییەکان تێیدا، زۆر خێرا تێکدەچێت، دەبێت دەستبەجێ دوای ژەمەکە دابپۆشرێت و بخرێتە سەلاجەوە.زۆرترین ماوە ٣ ڕۆژە. ئاگاداربە ئەگەر شوێنەواری خوێنی تێدا بێت، نیشانەی نەکولانی تەواوە و سەرچاوەی جەرسمە.

٣. برنج (مەترسیدارترینیان)

برنجی کولاو یەکێکە لەو خۆراکانەی زۆرترین ژەهراویبوون دروست دەکات. برنجی نەکولاو بەکتریایەکی تێدایە بە ناوی (Bacillus cereus) کە بەرگەی گەرمی دەگرێت و بە کولاندن نامرێت.

 ئەگەر برنج زیاتر لە ٢ کاتژمێر لە دەرەوە بمێنێتەوە، ئەم بەکتریایە ژەهری کوشندە دەردەدات. بۆیە تەنها ٢٤ کاتژمێر دەتوانرێت هەڵبگیرێت.

٤. خۆراکە قوتووەکان (معلبات)

دوای کردنەوەی قوتووەکە، نابێت خواردنەکە لە ناو خودی قوتووەکەدا بخرێتە سەلاجەوە، دەبێت بگوازرێتەوە بۆ دەفرێکی شووشە یان پلاستیکی تایبەت. تەماتە و شتە ترشەکان ٥ بۆ ٧ ڕۆژ دەمێننەوە، بەڵام گۆشت و ماسی و سەوزە تەنها ٣ ڕۆژ دەمێننەوە.

دەتوانرێت پاشماوەی خواردن بە ساردی بخورێت بەو مەرجەی دەستبەجێ دوای لێنان کرابێتە سەلاجەوە، بەڵام باشترین کات بۆ خواردنی باقیماندەکان تەنها یەک بۆ دوو ڕۆژە.

سەرچاوە: دەیلی مەیل

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە