گۆڕانی کەشوهەوا لێدانی کاتژمێری زەوی تێکدەدات

گۆڕانی کەشوهەوا لێدانی کاتژمێری زەوی تێکدەدات؛ مرۆڤ خێرایی خولانەوەی هەسارەکەی کەمکردووەتەوە.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێدا، زانایان هۆشداری دەدەن کە زەوی بەو خێراییە جێگیرە ناخولێتەوە کە پێشتر تێیگەیشتبووین. توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە بەهۆی حەوزە گەورەکانی ئاو و ذوبانبوونی بەفرە جەمسەرییەکان، خێرایی خولانەوەی زەوی کەمبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سیستەمی کات و ڕێدۆزی جیهانی (GPS) دروست کردووە.

زانایانی زانکۆی ڤیێنا و پەیمانگای فیدراڵی سویسرا (ETH) دەڵێن زەوی لە کاتی خولانەوەیدا هاوشێوەی یاریزانێکی خلیسکێنەی سەر سەهۆڵە؛ کاتێک یاریزانەکە دەستەکانی ڕادەکێشێت، خێراییەکەی کەم دەبێتەوە.

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی بەفری جەمسەرەکان، ئەو ئاوەی لە جەمسەرەکاندا بوو بەرەو هێڵی کەمەرەیی زەوی ڕۆیشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی “کۆبوونەوەی بارستایی” لە ناوەڕاستی زەویدا و خاوکردنەوەی خولانەوەکەی.

کاریگەرییەکان لەسەر تەکنەلۆژیا

هەرچەندە ئەم خاوبوونەوەیە بە “میلی چرکە” دەپێورێت، بەڵام بۆ سیستەمە وردەکان وەک چەقە؛

  • سیستەمی GPS: ئەم سیستەمانە پێویستیان بە هاوکاتییەکی یەکجار ورد هەیە لەگەڵ خولانەوەی زەوی، هەر جیاوازییەک دەبێتە هۆی هەڵە لە دیاریکردنی شوێنەکان.

  • کاتژمێرە ئەتۆمییەکان: زانایان ناچارن “چرکەی کبییسە” زیاد بکەن بۆ ئەوەی کاتی جیهانی لەگەڵ خولانەوەی ڕاستەقینەی زەوی بگونجێنن.

توێژەران بە هاوکاری ژیریی دەستکرد و شیکردنەوەی پاشماوەی زیندەوەرە دەریاییە کۆنەکان (ئەمۆنیتەکان)، مێژووی خولانەوەی زەوییان بۆ ٣.٦ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش گەڕاندووەتەوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو خاوبوونەوەیەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ ڕوویداوە، لە هیچ سەردەمێکی سروشتیدا وێنەی نەبووە.

بۆ ملیۆنان ساڵ، هێزی کێشکردنی مانگ هۆکاری سەرەکی خاوکردنەوەی زەوی بووە، بەڵام ئێستا چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە دەبنە هۆکاری یەکەم. زانایان دەڵێن: “ئێستا مرۆڤ نەک تەنها ژینگەی سەر زەوی، بەڵکو ئیقاع و لێدانی دڵی هەسارەکەشی گۆڕیوە.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە