سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە نزیکەی 6 هەزار بوتڵ غازی ماڵان لە ناوەندی شاردا دابەش دەکرێت. نرخی هەر بوتڵێک غاز بە 8 هەزار و 500 دینارە و هەوڵ دەدرێت بگاتە سەرجەم گەڕەکەکان.
کۆچەر تاهیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی، ئاشکرای کرد، کە ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی ئادار، نزیکەی 6 هەزار بوتڵ غازی ماڵان لە ناوەندی شاری سلێمانی، بە چاودێریی لیژنەکانی قایمقامیەت دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو غازە لە ڕێگەی 6 کارگەوە دابین دەکرێت و بڕیارە لە گەڕەکە ناوخۆییەکانی شاردا بڵاو بکرێتەوە.
دەشڵێت: هەر بوتڵێک غاز ١٢ کیلۆگرامە و ٢٦ لیتر غازی تێدایە و نرخی دیاریکراوی حکومی بۆی بریتییە لە 8 هەزار و ٥٠٠ دینار.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە نرخی هەر لیترێک غاز لە بازاڕدا ١١٠٠ دینارە، بەڵام نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت سێ هێندە کەمترە.
ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز هەوڵ دەدەن کە هەفتانە یان کەمتر لە هەفتەیەک جارێک، بریکارەکانی غاز بگەنە سەرجەم گەڕەکەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەستی هاووڵاتیان.
