لە ڕووداوێکی بێپێشینەو لە مێژووی کۆشکی سپیدا، ڕۆبۆتێکی مرۆیی بە ناوی (Figure 03) لەسەر فەرشی سوور یاوەری میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکای کرد، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کەرتی فێربووندا.
لە میانەی لوتکەیەکی تایبەت بە تەکنەلۆژیا کە خانمی یەکەمی ئەمریکا بۆ هاوسەری سەرۆکی دەیان وڵات سازیکردبوو، ڕۆبۆتی (Figure 03) بە ١١ زمانی جیاواز بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.
ڕۆبۆتەکە لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: “شانازی دەکەم کە بەشێکم لەم بزووتنەوە مێژووییە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی منداڵان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و پەروەردەوە.”
میلانیا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕۆبۆتە یەکەم میوانی “مرۆیی ئامێرینە” کە دروستکراوی ئەمریکا بێت و پێ بنێتە ناو کۆشکی سپی.
ئەو تیشکی خستە سەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان حکومەت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و ڕایگەیاند:
“لە داهاتوویەکی نزیکدا، مامۆستایەکی ژیری دەستکرد دەتوانێت بە خێراییەکی بێوێنە دەستی بە سەرچاوە زانستییەکان بگات و پرۆگرامی خوێندن بەپێی ئاستی تێگەیشتن و ‘باری دەروونی’ هەر قوتابییەک دابڕێژێتەوە.”
ئەم هەنگاوەی خانمی یەکەم هاوکاتە لەگەڵ پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و پشتەستن بە کەرتی تایبەت.
لە لایەکی تریشەوە، میلانیا ترەمپ وێڕای ستایشکردنی داهێنانەکان، هۆشداریشی دا لە مەترسییە تەکنەلۆژییەکان؛ نیگەرانییەک کە لەلایەن بریجیت ماکرۆن، خانمی یەکەمی فەڕەنساوە پشتگیری لێکرا، کە جەختی لە سنووردارکردنی کاتی بەکارهێنانی شاشەکان و سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵان کردەوە.
