کەشناسێکی کورد کاتی ئاسایی بوونەوەی کەشوهەواو کۆتایی هاتنی شەپۆلی بارانبارین ئاشکرا دەکات و باس لە هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینیش دەکات.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: جارێکی دیکە لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست شەپۆلێکی پچر پچری بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش سبەینێ یەکشەممە، لەکاتەکانی نیوەرۆوە لەناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە باران دەستپێدەکات پاشان لەشەودا کاریگەری شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و فراوان دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکانمان و تا ئێوارەی رۆژی دووشەممە کاریگەریەکانی بەچالاکی دەمێنێتەوە بە بارانی مامناوەند و پچر پچر و لەهەندێ کات و شوێنیشدا هەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕی لەگەڵ دەبێت.
ئەوەشی وتووە: بارانبارین بۆ رۆژی سێشەممەش کاریگەریەکانی بەلاوازی بەردەوامی دەبێت و لەهەندێ کات و شوێندا ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و بارانی کورت خایان دەبێت، پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێننەوە لەماوەی ئاماژەپێکراودا.
بەپێی ئەو کەشناسە کوردە، بەگشتی لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرترین باران لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان و سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین دەبارێت و پاشان ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک و باکوری گەرمیان، بۆ ناوچەکانی ناوەراست و باشووری گەرمیان کاریگەری و ماوەی خایاندنی شەپۆلەکە لاواز و کورت خایان دەبێت.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە: بۆ رۆژی چوارشەممە کە دەکاتە 1ی نیسانی 2026، کەش و هەوا لە تەواوی ناوچەکانمان جێگیر دەبێت و ئاسمان بە زۆری ساماڵ دەبێت.
