قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پڕچەک نەکردووە و هەرێم رێگەنادات لەخاكەكەیەوە هێرش بكرێتە سەر ئێران.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (فرانس پرێس) دەڵێت: حکومەتی هەرێم داوای لە بەغداد کردووە سنورێک بۆ هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دابنێت، کە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و راوێژکارانی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەخۆدەگرێت.
ڕاشیگەیاندووە، چەندین جار ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ وروژێنراوە و داوايان لێکراوە دەستوەردان بکەن بۆ رێگریکردن لەم گروپانە.
دەشڵێت: بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە رێگرى لە هێرشی گرووپە چەكدارەكان بكات.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، ئەمریکا و هیچ دامەزراوەیەکی ئەو وڵاتە، ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پڕچەک نەکردووە، کە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندان.
جەختیشی كردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەنادات، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستانن، دەستوەردان لە جەنگی ئێراندا بکەن.
ئاشکرای کردووە ، بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان وتووە، كارێكی باش نییە ببنە سەرەڕم و لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری لە ململانێکاندا بکەن.
