شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ئەمشەو بارانی مامناوەند و باش بەردەوامی ئەبێت بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکوری گەرمیان و سنوری ئیدارەی راپەرین ، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی سۆرانیش هەندێک کات بارانێکی مامناوەند ئەبارێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ سبەی رۆژی شەممە 28/3/2026 کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە بەردەوامی ئەبێت لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین ناوبەناو بارانی مامناوەند و پچر پچر تا کاتەکانی ئێوارە ئەبارێتەوە، لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەش تا رادەیەک جێگیر ئەبێتەوە و تەنها ئەگەری بارانێکی کەم ئەبێت لەهەندێ کات و شوێندا و ئاسمانیش بەزۆری بەهەوری تەواو ئەمێنێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە بەرزدەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت 10-15کم/ک ئاراستەی با باشوری رۆژئاوا ئەبێت.
وتیشی، “بەگشتی لەکاتەکانی ئێوارەی سبەی شەممەوە کەش لەتەواوی ناوچەکان بەرەو جێگیربوونەوە ئەروات و بارانەکە کۆتایی پێدێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەنیوەرۆی دوو سبەی یەک شەممەوە 29/3/2026 جارێکی دیکە ناوچەکانمان ئەکەوێتەوە ژێر کاریگەری هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکی نوێی دەریای ناوەراست و شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.
