ڕایەڵەی مامۆستایانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەتیدەکاتەوە پشووەکانی خوێندن درێژبکرێنەوە یان پەنا بۆ خوێندنی ئۆنلاین ببرێت و ڕایدەگەیەنێت؛ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناو پۆل تاکە بژاردەی گونجاوە بۆ کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی وەزارەتی پەروەردە، بەو مەرجەی بژێوی و مافەکانی مامۆستایان دابین بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی (٢٧ی ئازاری ٢٠٢٦) بڵاویکردووەتەوە، ڕایەڵەی مامۆستایانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو سێ بژاردەیە ئاشکرا کرد کە بڕیارە سبەینێ شەممە، وەزارەتی پەروەردە یەکلاییان بکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و شەڕدا تێدەپەڕێت، نابێت ڕێگە بدرێت جەنگ ببێتە هۆکار بۆ کوژانەوەی چرای زانست لەناو قوتابخانەکان.
سەبارەت بە بژاردەکانی وەزارەتی پەروەردە، ڕایەڵەکە بژاردەی درێژکردنەوەی پشووی بە “دەستەوەستانی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی” ناوبردووە و ڕەتیکردووەتەوە. هاوکات بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین بە “خۆخەڵەتاندن” وەسف دەکات بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئینتەرنێتی پێویست، کە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و پێچەوانەی دادپەروەرییە. لەبەرامبەردا، دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناو پۆل بە تاکە بژاردەی زانستی و نیشتمانی دەزانێت بۆ ئەوەی قوتابخانە ببێتە پەناگەیەکی ئارام و دوورخستنەوەی قوتابیان لە دڵەڕاوکێی هەواڵەکانی شەڕ.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕایەڵەی مامۆستایان هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێم کە ناتوانێت بە بیانووی شەڕ و قەیرانەکانەوە مافە سەرەتاییەکانی مامۆستایان فەرامۆش بکات<
جەختیش دەکاتەوەك کە گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن مەرجدارە بە دابینکردنی بژێویی ژیان و پاراستنی شکۆی مامۆستا، چونکە مامۆستایەک بژێویی دابین نەکرێت، ناتوانێت لەناو پۆلدا بەرگری لە مێشک و بیری قوتابیان بکات.
