spot_imgspot_img

نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر و سلێمانی رایانگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە شارۆچکەکانی دەوروبەر، پڕۆسەکە گەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەکان.

سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئاشکرای کرد، بۆ هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی 31 هەزار دینار دیاریکراو دابەشدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا چەند بریکارێک لە ناو سەنتەری شار ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو نەوتەکە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری سستی پڕۆسەکە، ئەو بەرپرسەی نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق وەک پێویست نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە، وتیشی: “ئەو بڕە نەوتەی کە دەبوو حکومەتی عێراق بینێرێت 45 ملیۆن لیتر بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها 9 ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوە بچێت”.

هەروەها روونیکردەوە، لە ئێستادا نەوتەکە بە تانکەر دەگات و رۆژانە بەپێی ئەو بڕەی بەردەست دەبێت، بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت. دڵنیایی دا بە هاووڵاتیان کە “هەر بڕە نەوتێک بگاتە هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ دابەشی سەر هاووڵاتیانی دەکەن”.

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2017 دا کۆبۆنی نەوتیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ بۆ کراوە، هاوکات وەرگرتنی ئەم نەوتە کە بە بەشی ساڵی 2025 هەژمار دەکرێت کۆتا دابەشکردن دەبێت کە بەو کۆبۆنە وەربگیرێت، هەر خێزانێکیش ئەو کۆبۆنەی نەبێت نەوتی پێنادرێت.

لای خۆشییەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای وەستانێکی کاتی بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکاتەوە.

سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند: دابەشکردنەکە لە مەڵبەندی 6 دەستپێدەکاتەوە، کە پێشتر بەهۆی نەگەیشتنی سووتەمەنییەوە پڕۆسەکە تیایدا وەستابوو.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە