مامۆستایەكی ناڕازی لە سلێمانی لەسەر دواكەوتنی مووچەی مانگی 3 هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسێک نییە، بڵێ لەو دوو 120 ملیارەی دزیومانە یەکێیان بنێرن با مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەفەوتێ.
مامۆستا عادل حەسەن لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوو 120 ملیار دیناری مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی ڕابوردیان دزی، کە بەهۆیەوە دوو مووچەمان فەوتا، ئێستاش زۆر بێشەرمانە دەڵێن ناتوانین 120 ملیار دیناری مانگی سێ بنێرین بۆ بەغدا”.
ڕاشیگەیاندووە، لەم دەسەڵاتە بێ ویژدانە، مافیایە، وەزیرێک، بەرپرسێک نییە، بڵێ لەو دوو 120 ملیارەی دزیومانە یەکێیان بنێرن با مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەفەوتێ.
دەشڵێت: لەم دەسەڵاتە، کەسێک نییە بڵێ، ئێمە ڕۆژانە 50,000 هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرین بەو مەرجەی بە نرخی پاڵپشتیکراو بیدەین بە خەڵک، بەڵام نایدەین بە خەڵک و دەیدەین بە کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە، داهاتی یەک هەفتەی ئەو نەوتە 120 ملیار زیاترە، با داهاتی هەفتەیەکی ئەو نەوتە بۆ خزمەتی مووچەی خەڵک بێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم دەسەڵاتە کەسێک نییە بڵێ لە سەردەمی کۆرۆنا جوڵەی بازرگانی لە ئێستا کەمتر بوو، داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە لە نێوان 250 ملیار بۆ 350 ملیار بوو، بۆچی ئێستا ناتوانین 120 ملیار بنێرین.
ئەمانە و دەیان پرسیار و سەرچاوەی داهاتی تر هەن کە دەتوانن دەیان 120 ملیاری لێ کۆبکەنەوە و بینێرن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران نەفەوتێ.
ئەو مامۆستایا جەختیشی كردۆتەوە، ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە ئێمە و مووچە و ژیانمان بکات بە قوربانی کۆمپانیا بێ ویژدانەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان.
