تۆڕی CNBCی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦) بڵاویکردەوە، پەردەی لەسەر سێ سیناریۆی ئەگەریی جووڵەی زەمینی لە ناوخۆی ئێران لادا، کە بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری کۆتایییان لەبارەوە بدرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، شیکەرەوە سەربازییەکان و فەرماندە دێرینەکانی پێنتاگۆن، کۆدەنگن لەسەر ئەوەی ئەمریکا سێ بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ جووڵەی زەمینی، ئەمەش بە ڕەچاوکردنی قەبارەی سنوورداری هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداودا.
سیناریۆکانی هێرشە زەمینییەکە:
١. کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەی قیشم:
ئەم سیناریۆیە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی قیشمی ئێرانە کە دەکەوێتە ناو گەرووی هورمز. ئەم دوورگەیە ئامانجێکی زەمینیی گونجاوە بۆ هێزەکانی ئەمریکا، چونکە کلیلی دەسەڵاتە بەسەر گەرووەکەدا و ناوەندی بەرگرییە دەریاییەکانی ئێرانە.
٢. داگیرکردنی دوورگەی خارگ:
پسپۆڕان پێیان وایە ئەم دوورگەیە ئامانجێکی ستراتیژییە، چونکە %٩٠ی هەناردەی نەوتی ئێران لەم دوورگەیەوە دەبێت. ئەمریکا دەیەوێت بە داگیرکردنی ئەم شوێنە، مەرجی قورسی دانوستان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
٣. ئۆپەراسیۆنی خێرای فیرقەی ٨٢ی ئاسمانی:
لە سیناریۆی سێیەمدا، پێشبینی دەکرێت “فیرقەی ٨٢ی ئاسمانی” ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی خێرا لە ناوخۆی خاکی ئێراندا ئەنجام بدەن، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوە لە ژێر چاودێری ئاسمانی.
شێوازی جەنگەکە؛ داگیرکاری یان گورزی خێرا؟
پسپۆڕانی جەنگی زەمینی پێیان وایە پێکهاتەی ئەو هێزە ئەمریکییانەی نێردراون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئامێری قورسیان لەگەڵ نییە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی جووڵەکان “خێرا و کورتخایەن” دەبن، نەک داگیرکارییەکی درێژخایەن و جەنگێکی سارد لەسەر خاکی ئێران.
لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتێکردنی بژاردەکان، لە کاتێکدا دەنگۆکان لەسەر بوونی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران لە لایەک و ئەگەری جەنگ لە لایەکی تر، دژایەتییەکی زۆریان تێدایە.
