ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئێران کرد و هۆشداریی دا لەوەی ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی گەورە پەلکێش دەکرێت کە تێیدا هەمووان باجەکەی دەدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی سەرۆک لقەکانی پارتەکەیدا (ئاکپارتی) وتارێکی کاریگەری پێشکەش کرد. ئەو جەختی لەسەر یەکێتیی ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە کردەوە و وتی: “بە دڵێکی خوێناوییەوە دەپرسم؛ فرمێسکەکانی ئیسفەهان، تەبرێز و تاران چ جیاوازییەکیان لەگەڵ فرمێسکەکانی هەولێر، عەممان، بەغدا، بەیروت، سەنعا، دۆحە و ریاز هەیە؟”
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو جەنگەی لە ٢٨ی شوباتەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، بۆنی خوێن و بارووتی بە ناوچەکەدا بڵاوکردووەتەوە.
ئەردۆغان وتی:”منداڵانی بێتاوان لەناو قوتابخانەکانیاندا دەبنە ئامانجی مووشەک. تۆڕی کۆمەڵکوژی کە رق و کینە چاویانی کوێر کردووە، بە بیانووی ئایینی جوگرافیاکەمان بەرەو کارەسات دەبەن.”
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، کە ئەم جەنگە “بێمانایە” خوێن لە ئابووریی تەواوی ناوچەکە دەهێنێت. سەبارەت بە ناوخۆی تورکیاش ڕایگەیاند، ئەرکی لەپێشینەی ئێمە پاراستنی گەلەکەمانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابووری. ڕەنگە کێشەی کاتیمان هەبێت، بەڵام ئەم شۆکانە لە ئامانجەکانمان دوورمان ناخەنەوە.
لە کۆتاییدا، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە دوای وەستانی دەنگی بۆمبەکان، هەر گەلانی ناوچەکە پێکەوە دەمێننەوە، بۆیە پێویستە برایەتی و دادپەروەری لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت.
